ڕاوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، 107 پارت و لایەنی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەكەن.
حسێن هنداوی، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردن ئەمڕۆ دووشەممە 15ی ئازار وتی، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەئێستادا كارەكانی خۆی چڕكردووەتەوە بۆ تەواوكردنی ڕێوشوێنە لۆجستییەكانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی هەڵبژاردن.
وتیشی، “هاوكاری و هەماهەنگی باڵا و بەردەوام لەنێوان كۆمسیۆن و شارەزایانی نەتەوەیەكگرتووەكان (یۆنامی) و بەهەمان شێوە شارەزایانی نێودەوڵەتی هەیە دەربارەی چۆنیەتی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان و بەكارهێنانی ئامێری نوێ لەم بوارەدا”.
هنداوی لە لێدوانێكدا بۆ میدیا عێراقییەكان ئاشكراشیكرد، ژمارەی ئەو پارتانەی بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن گەیشتووەتە 107 پارت، لە كۆی 249 پارتی تۆماركراو و مۆڵەتپێدراو و 62 پارت كە لە تۆماركردندان.
دوپاتیشیكردەوە، 117 پارتەكە بڕیاری بەشداری هەڵبژاردنیان داوە و ئەوانی دیكە بەهۆكاری پەیوەندیدار بەخۆیانەوە بڕیاریانداوە بەشداری نەكەن.
ڕاوێژكارەكەی سەرۆكوەزیران ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی ئەو هاوپەیمانێتییانەی تائێستا تۆماركراون و ڕەزامەندییان لەسەردراوە 30 هاوپەیمانێتییە و 10 هاوپەیمانێتی دیكەش لە تۆماركردندان.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق 10ی تشرینی یەكەمی داهاتووی وەك وادەی نوێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریكردووە، پاش تاوتوێكردنی ئەو پێشنیارەی پێشتر لەلایەن كۆمسیۆنەوە پێشكەشكرابوو.