پەرلەمانی كوردستان دەیەوێت “بنكەی یاسادانانی هەرێم” دابمەزرێنێت

دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم

پەرلەمانی كوردستان لە هەوڵی دامەزراندنی “بنكەی یاسادانەن”، بەو هەنگاوەش هەرێمی كوردستان بۆ یەكەمجار دەبێتە خاوەنی بنكەیەك كە تەواوی یاساكان لە خۆ دەگرێت.

ڕاوێژكارێكی یاسایی پەرلەمان ئاشكرایدەكات، دروستكردنی ئەو بنكەیە لە هەنگاوەكانی كۆتاییدایە، یاساناسێكیش دروستكردنی بنكەیەكی لەو جۆرە بە گرنگ دەزانێت.

“بنكەی یاسادانان” چییە؟

سەبارەت بە دروستكردنی بنكەی یاسادانان لە هەرێمی كوردستان، هیوا حامد، ڕاوێژكاری یاسایی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بە فەرمانی سەرۆكی پەرلەمان لیژنەیەك پێكهێندرا بۆ دروستكردنی بنكەی یاسادانان لە هەرێم، چونكە لە هەر وڵاتیك بوونی ئەو بنكەیە گرنگییەكی گەورەی هەیە، لە عێراقیش لە پاش ساڵی 2003وە ئەو بنكەیە دانراوە”.

هیوا حامد ئەوەشی خستەڕوو، “ئەو بنكەی یاسادانانە كۆمەڵێك ئاسانكاری پێشكەش بە هاوڵاتییان دەكات، لەوێوە دەزانێت ئەو یاسایەی پێویستێتی بەركارە یان نا، هەمواری هەیە یان نا، چونكە لەو بنكەیەدا سەرجەم یاساكان و هەموارەكانی یەكخراونە، هاوڵاتی دەتوانێت ئاسان بیاندۆزێتەوە”.

ئەو بنكەیە وا دەكات شێوازەكانی دەستگەیشتن بە یاساكان ئاسان دەبێت

ئەو ڕاوێژكارەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشكرد، “بنكەی یاسادانان، هەڵدەستێت بە بەڵگەكردنی هەموو دەقە یاساییەكانی هەرێم، لە ساڵی 1992ەوە تا ئێستا و دواتریش”.

“بە كورتییەكەی ئەو بنكەیە وا دەكات، شێوازەكانی دەستگەیشتن بە یاساكان ئاسان دەبێت، كە هاوشێوەی داتابەیسێكی گرنگ و گەورەیە، هەر ڕێنمایی و بڕیارێكیش سەبارەت بە یاسایەك لە دەسەڵاتی جێبەجێكردنیشەوە دەرچوبێت لەوێ بوونی دەبێت”، وەك ڕاوێژكارەكەی پەرلەمان ئاشكرایكرد.

سەبارەت بە كاتی تەواوبوونی پرۆژەكە، ئەوەشی وت، “لە قۆناغەكانی كۆتایی پرۆژەكەداین، سەرجەم مەوادە خامەكان و داتابەیسەكەش ئامادەن، تەنها قۆناغی دانان و پێداچوونەوەیەكی خێرامان پێویست دەبێت”.

بەگوێرەی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان خۆی سەرپەرشتیی دروستكردنی بنكەكە دەكات تا ئامادەبوونی، دواتر بەشێكی تایبەتی بۆ دروست دەكرێت.

Law school

دانانی ئەو بنكەیە بە گرنگ دەزاندرێت

لای خۆیەوە فەرمان حەسەن، یاساناس سەبارەت بەو بنكەیە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە ڕاستیدا گەر دروستكردنی ئەو بنكەی یاسادانانە جێبەجێ بكرێت و زۆر گرنگ دەبێت، چونكە لەلایەك ئێمە وەك یاساناسان ڕۆژانە پێویستمان بە بینینی یاساكان دەبێت و ئەو بنكەیەش وا دەكات ئاسان دەستمان پێیان بگات، لەلایەكی دیكەش بۆ هاوڵاتییان گرنگە كە وا دەكات هۆشیاربن و بتوانن یاساكان ببینن و بیانخوێننەوە”.

سەرجەم ئەو یاسا و بڕیارانەی دەركراون لەلایەن پەرلەمانەوە بەبێ سانسۆر و بە شەفافی بخرێنە ئەو بنكەیەوە

ئەو یاساناسە ئەوەشی خستەڕوو، “تا ئێستا هەر یاسایەك دەرچووبێت لە ڕۆژنامەی وەقائیع بڵاودەكرێتەوە، كێشەكەش ئەوەیە ئەو ڕۆژنامەیە دەستی نوخبەش ناكەوێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەوەی لە پەرلەمانەوە دەركراوە بەس یاسا نییە، بەڵكو چەندین بڕیاری گرنگیش هەن لە پەرلەمان دەركراون بۆ یەكلا كردنەوەی بابەتەكان، پێویستە ئەو بڕیارانەش لەو بنكەیەدا هەبن”.

فەرمان حەسەن داواشی كرد سەرجەم ئەو یاسا و بڕیارانەی دەركراون لەلایەن پەرلەمانەوە بەبێ سانسۆر و بە شەفافی بخرێنە ئەو بنكەیەوە.

وتیشی، “خۆی ئەو یاسا و بڕیارانەی لە وەقائیعی هەرێم بڵاوكراونەتەوە ناشاردرێنەوە، بەڵام هەندێك یاسا و بڕیار هەن كە تەنانەت لە سایتی پەرلەمانیش نەخراونەتەڕوو، پێویستە دابنرێن، بۆ نمونە بڕیاری ژمارە 2ی تایبەت بە خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات تا ئێستا شاردراوەتەوە، بۆیە دەبێت لەو بنكەیەدا سەرجەمیان دابنرێن”.

بابەتی پێشتر

كۆشكی شاهانەی بەریتانیایان هێنایە لەرزە

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و پەروەردەش چاوەڕێی لیژنەی باڵایە بڕیار لەسەر خوێندن بدات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کەمئەندامانی سلێمانی هاوڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کەمئەندامانی سلێمانی لەبارەی دەوامی سەنتەرێکی سەربەو بەڕێوەبەرایەتیە هاوڵاتییان و سوودمەندان ئاگاداردەکاتەوە. لە راگەیەندراوێکدا سەنتەری ئۆتیزمی سەربە…
Total
0
Share