بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق چوار لەمپەری دیاریكردووە كە كێشەیان بۆ تێپەراندنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دروست كردووە، یەك لەوانە پشكی هەرێمی كوردستانە.
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 7ی ئازار، لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، “چوار لەمپەر لە بەردەم دەنگدانن لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵ”.
ئاشكراشی كردووە، “لەمپەری یەكەم نەبوونی كۆدەنگیی سیاسییە، دووەمیش پشكی پارێزگاكان و سێیەمیش پلەكانی دامەزراندن، هەروەها لەمپەری چوارەمیش پشكی هەرێمی كوردستانە لەو بودجەیەدا”.
ئەحمەد سەفار ئەوەشی وتووە، “لیژنەی دارایی بڕگەی سەپاندنی باجی لەسەر موچەی فەرمانبەرانی عێراقی لابردووە، ئەوەی لەوبارەیەوە باس دەكرێت ڕاست نییە”.
پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق لەلایەن حكومەتەوە ڕەوانەی پەرلەمان كرا، لە 9ی كانونی دووەم خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، دواتر ڕەوانەی لیژنەی دارایی كرا بۆ جێگیركردنی تێبینییەكان و تا ئێستا لای لیژنەكەیە و نەگەڕێندراوەتەوە پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری.