سەرۆكوەزیرانی عێراق نیگەرانی دەربارەی هێرشی سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد نیشاندەدات و دەڵێت، ئەو هێرشانە هیچ بیانویەك هەڵناگرێت.
مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئازار دەربارەی هێرشەكەی سەر بنكەی سەربازیی (عەین ئەسەد) وتی، ئەم جۆرە هێرشانە لەلایەن چەند گروپێكەوە ئەنجامدەدرێن كە هیچ لایەنگیرییەكی ڕاستەقینەیان بۆ عێراق نیە، بنكە سەربازییەكانی عێراق دەكەنە ئامانج كە لەژێر هیچ ناونیشان و ناوێكدا بیانوو هەڵناگرێت و، زیانیش بەو پێشكەوتنە دەگەیەیەنن كە عێراق بەدەستیدەهێنێت.
وتیشی، “دەزگا ئەمنییەكان ڕێنوێنی ڕوونیان لەبەردەستدایە بۆ گرتنەبەری هەڵوێستی یەكلاكەرەوە بەرامبەر ئەو گروپانە، ناو و ئامانجیان هەر شتێك بێت”.
ئەو وتانەی كازمی لەمیانەی سەرۆكایەتیكردنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتیمانیدا بوو كە ئەمڕۆ لە بەغداد ئەنجامدرا.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان دوپاتیشیكردەوە، “هەر لایەنێك كە پێیوایە لەسەروو یاساوەیە، یان دەتوانێت ئەجێندای خۆی بەسەر عێراق و ئایندەی ڕۆڵەكانیدا بسەپێنێت، لە خەیاڵدایە”.
بەیانیی ئەمڕۆ ژمارەیەك موشەك ئاڕاستەی بنكەی ئاسمانیی “عەین ئەسەد” لە پارێزگای ئەنبار كران.
بنكە سەربازییەكە هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تێدایە و تائێستا زیانەكانی هێرشەكە ئاشكرانەكراون.
پێشتر واین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە تویتەر بڵاویكردەوە، “نزیكی كاتژمێر 7:20 خولەكی ئەم بەیانییە، 10 موشەك بنكەی سەربازیی عێراقیی بنكەی عەین ئەسەدیان كردە ئامانج، كە هێزەكانی هاوپەیمانان لەوێدان”.