لیژنەی وزە لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، عێراق 25%ی ئەو بەرهەمە نەوتییانەی لە ناوخۆدا بەكاریاندەهێنێت، لە وڵاتانی ترەوە هاوردەیان دەكات.
زەهرە بجاری، ئەندامی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئازار ڕایگەیاند، “عێراق 75%ی بەرهەمە نەوتییەكان لەناوخۆدا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە لە دەرەوەوە هاوردەیان دەكات، بەتایبەت بەنزین و گازی سروشتی.”
بجاری دەڵێت، “ساڵانە 18 ملیار مەتر سێگۆشە لە گازی سروشتیی عێراق بەفیڕۆدەچێت و دەسووتێت، لەكاتێكدا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكاندا كراوە بۆ سوودوەرگرتن لەو گازە، بەڵام تا ئێستا هیچ بۆ ئەو مەبەستە نەكراوە و گازە سروشتییەكە بەفیڕۆدەچێت، جگە لەوەی زیانی بۆ ژینگەش هەیە.”
ئەندامەكەی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكردووە، “ئەگەر ئەو بڕە گازە سروشتییەی بەفیڕۆدەچێت، بەگەڕبخرێت و سوودی لێوەربگیرێت، دۆخەكە زۆر دەگۆڕێت و ئەوەش پشتیوانیی بودجە دەكات و كورتهێنانی بەرهەمی گاز پڕدەبێتەوە.”