فەرمانداری شاری میهرانی ئێرانی ڕایدەگەیەنێت، لەمڕۆوە تا كاتێكی نادیار دەروازەی سنووریی میهران بەڕووی دەرەوەدا دادەخرێت، وەك هەوڵێك بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا.
میدیاكانی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی شوبات لەسەر زاری ئەسەد قاسمی، فەرمانداری شاری میهران بڵاویانكردەوە، بەپێی بڕیاری لیژنەی ئیدارەی كۆرۆنا لە پارێزگای ئیلام و بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە تەندروستییەكان و بڵاوبوونەوەی جۆرە نوییەكەی كۆرۆنا لە عێراق، دەوازەی سنووریی میهران لە بەردەم هاتن و چوونی گەشتیاراندا تا كاتێكی نادیار دادەخرێت.
وتیشی، “ئەو گەشتیارە عێراقییانەی لەئێستادا لەناو وڵاتەكەماندان دەتوانن لە دەروازەكەوە بپەڕنەوە پاش ئەنجامدانی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا”.
بەپێی وتەی بەرپرسەكە ڕێوشوێنەكە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانی نێوان هەردوو وڵات ناگرێتەوە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە حکومەتی ئێران بڕیاریدا بە داخستنی سنوورەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ جوڵەی گەشتیاری. لای خۆیەوە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران ئاشکرایکرد، لە 21ی ئەم مانگەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە ئێران دەروازەكانی بەڕووی گەشتیاراندا دادەخات.
پێشتریش سەعید نەمەکی، وەزیری تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند، “گومانیان هەیە لە عێراقەوە کۆرۆنا گۆڕاوەکە گوازرابێتەوە بۆ ئێران”.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاشکراشیکرد کە وڵاتەکەی پرسی بوونی کۆرۆنا گۆڕاوەکە لە عێراق بەجدی وەردەگرێت و چەند ڕێکارێک دەگرێتەبەر.