كارمەندێكی میسری-ئەڵمانی لە نوسینگەی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ئەمڕۆ دادگایی كرا، بەهۆی گومانلێكردنی بە ساڵانێك سیخوری بۆ دەزگای هەواڵگریی میسر.
گوماندەكرێت (ئەمین ك.) لەنێوان ساڵانی 2010 و 2019 زانیاری بۆ دەزگای هەواڵگریی گشتیی میسر گواستبێتەوە، بە سودوەرگرتن لەو پۆستە گرنگەی لە نوسینگەی ئەنجێلا مێركل، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا-دا لە ساڵی 1999ەوە هەیبووە.
پیاوەكە، كە تەمەنی 66 ساڵە، بەشێوەیەكی سەرەكی لە بەشی سەردانە تایبەتەكانی نوسینگەی ڕاگەیاندنی فیدڕاڵیی ئەڵمانی كاریكردووە، بەشەكە بەشێوەیەكی تایبەت بەرپرسە لە پەیوەندی چالاكییە ڕاوێژكارییەكان.
بەپێی ئەو تۆمەتانەی ڕوبەڕووی كراوەتەوە، تێبینی گشتیی داوەتە هەواڵگری میسر دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەی میدیاكان لەگەڵ سیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پەیوەندیدار بە میسر، لەگەڵ چاودێری خواستی كارمەندانی هەواڵگریی و هەوڵدان بۆ دانانی سیخورێكی دیكە لە شوێنەكەدا.
هەروەها گوماندەكرێت كە زانیاری دابێت بە هەواڵگریی گشتیی میسر دەربارەی پێنج هاوەڵی خۆی لە نوسینگەی میدیایی كە لە سوریا لەدایكبوون.
لە بەرامبەر ئەو زانیارییانەی پێشكەشیكردووە، تۆمەتبار ویستوویەتی سود لە مامەڵەی جیای دەسەڵاتدارێتی میسر وەربگرێت، لەگەڵ هاوكاریكردنی دایكی بە بەدەستهێنانی موچەی خانەنشینی میسری.
بڕیارە دادگاییەكە بۆ ماوەی دوو ڕۆژی دیكە درێژەبكێشێت تا ئەوەی لە سەرەتای ئازاری داهاتوو بڕیاری دادگای دەرهەق دەردەچێت.
بەپێی ڕاپۆرتێكی هەواڵگریی ناوخۆیی ئەڵمانی هەریەك لە دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی میسر و دەزگای هەواڵگری ناوخۆیی وڵاتەكە لە ئەڵمانیادا چالاكن.
ئامانجی دوو دەزگاكە كۆكردنەوەی زانیارییە دەربارەی بەرهەڵسكارانی دەسەڵاتەكەی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر لەوانەی لە ئەڵمانیا نیشتەجێن، بەتایبەت ئەوانەی لایەنگری ئیخوان موسلمین-ن كە گروپەكە لە ساڵی 2013ەوە لە میسر قەدەغەكراوە.
س: ئەلحوڕە