وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکیان نییە بۆ قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان و بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بۆ دۆخی ئێستای هەرێم بڕیار و ڕێکاری نوێ دەردەکەین.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا بەبۆنەی دەستبەکاربوونی ئومێد خۆشناو وەک پارێزگاری نوێی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 22ی شوبات ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “ئێستا ڕۆژانە ئامارەکانی کۆرۆنا بەرەو بەرزبوونەوە دەڕۆن و لە عێراق ژمارەیەکی زۆر تۆمار دەکرێت، لە هەرێمی کوردستانیش ئاماژەکان نیشانی دەدەن کە ئامارەکان بەرز دەبنەوە”.
سەبارەت بە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ ڕێبەر ئەحمەد وتی، “ئەمڕۆ لە کاتژمێر 2:30 خولەکی پاشنیوەڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن و ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بڕیار و ڕێکاری نوێ دەردەکەین”.
ڕەتیشیکردەوە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیار و پێشنیارێک هەبێت بۆ قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان چونکە دەبێت لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە دڵنیابینەوە و بڕیاری پێویست بەپێی بنەما تەندروستییەکان دەدەین.
لەبارەی دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێی هەولێر وەزیری ناوخۆ وتی، “بەهۆی ئەو تەحەدا ئابوری و تەندروستییانەی هەیە ئەرکی پارێزگاری نوێ قورس دەبێت، لەگەڵئەوەشدا حکومەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەت پاڵپشتیی تەواوی پارێزگار دەکەن تاوەکو خزمەتگوزارییەکان بەبێ کەم و کوڕی بگاتە خەڵکی هەولێر”.
لە بەرواری 18ی شوبات، پارێزگاری نوێی هەولێر مەرسومی سەرۆکایەتیی بۆدەرچوو، لەبەردەم سەرۆک هەرێمی کوردستاندا سوێندی یاسایی خوارد.
ئەمەش دوای ئەوەی لە بەرواری 8ی شوبات، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا ئومێد خۆشناوی بە 42ەمین پارێزگاری هەولێر هەڵبژارد و لە کۆی 23 ئەندامی ئەنجومەنی ئامادەبوو توانی 18 دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن بەدەستبهێنێت.