کەسوکاری زیندانیکراوانی بادینان ڕاگەیەندراوێكیان بڵاكردەوە

کەسوکاری زیندانیکراوەکانی بادینان، ڕاگەیەندراوێكیان بۆ ڕای گشتی بڵاكردەوە و داوای ئازادكردنیان دەكەن.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا كە ئەمڕۆ هەینی 19ی شوبات بڵاوكراوەتەوە و وێنەیەكی دەست “تۆڕی میدیایی ئێستا” كەتووە، کەسوکاری زیندانیکراوەکانی بادینان دەسەڵات تۆمەتباردەكەن بەوەی “بە ڕێگەی ناڕاستەوخۆ ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیوی دانپێدانانی زیندانیکراوەکان دەکات” و دەڵێن، “بەم کارە زیاتر ئازارمان مەدەن و خەڵک تووڕەتر مەکەن.”

لە درێژەی ڕاگەیەندراوی کەسوکاری زیندانیکراوەکانی بادیناندا هاتووە، “داواکارین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراو و ناوەندە جیھانییەکانی مافی مرۆڤ، کونسوڵ، باڵیۆزخانەی وڵاتان لە ھەرێم و بەغداد، پەرلەمانی کوردستان و عێراق و ھەموو لایەک چاودێری پرۆسەکە بکەن و ھاوکاربن.”

داواش لە دادگا دەكەن كەسوكاریان ئازادبكات و دەڵێن، “تکا دەکەین دادگای پێداچوونەوە (تمییز) بە ئازادکردنی کەسوکارەکانمان کە ھیچ تاوانێکیان نییە سەربەخۆیی خۆی بسەلمێنێ و ئاوێک بکات بەم ئاگرەدا کە ھەموو لایەک لێی ناڕازییە.”

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:-

تکایە بەم کارە زیاتر ئازارمان نەدەن خەڵک توڕەتر مەکەن

بۆ/ ڕای گشتی

دوای ئەوەی لە ڕێککەوتی ١٦/٢/٢٠٢١ بە بڕیارێکی نا داپەروەرانە پێنج لە کەسوکارەکانمان کە پێکدێن لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوھدار زێباری، ئەیاز کەرەم، ھاریوان عیسا) کە رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی بوون بۆ ماوەی شەش ساڵ زیندانیکران، لە کاتێکدا ھیچ بەڵگەیەک لەسەر تومەتبارکردنیان نەبوو و لەو چەند مانگەی لە زینداندا بوون ئەشکەنجەدراون و ھەڕەشەی ژن و مناڵیان لێکرابوو، بێ بەشکرابوون لەو مافەی پارێزەریان ھەبێت تا رۆژی دادگاییکردنیان.

بەداخەوە دەستەڵات بە ڕێگای ناڕاستەوخۆ ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیوی دانپێدانانی زیندانیکراوەکان دەکات، بۆ رای گشتی و ناوەندە جیھانییەکان رادەگەیەنین: دروستکردنی ڤیدیو لە ژێر ھەڕەشە و ئەشکەنجەدان کارێکی نایاسایی و نا ئەخلاقییە و ئەم کارە ڕەتدکەینەوە و ھیچ دانپێدانانێک لەژێر ئەشکەنجە یاسایی و حەقیقی نییە، ئێمە و خەڵک زیاتر توڕە دەكەن و ئازار ئەدەن و دەستەڵات سومعەی خۆیان و ھەرێمەکەمان ناشیرینتر دەکات، بۆیە رێچارە ئازادکرنی زیندانییان و ئاشتەواییە نەک ترس و تەحەدا لەگەل کەسانی مەدەنی و مافخواز.

لە ھەمان کاتدا داواکارین لە نەتەوە یەکگرتوەکان، ڕێکخراو و ناوەندە جیھانییەکانی مافی مرۆڤ، کونسوڵ، باڵیۆزخانەی وڵاتان لە ھەرێم و بەغداد، پەرلەمانی کوردستان و عێراق و ھەموو لایەک چاودێری پرۆسەکە بکەن و ھاوکاربن.

ھەروەھا تکا دەکەین دادگای پێداچوونەوە (تمییز) بە ئازادکردنی کەسوکارەکانمان کە ھیچ تاوانێکیان نییە سەربەخۆیی خۆی بسەلمێنێ و ئاوێک بکات بەم ئاگرەدا کە ھەموو لایەک لێی ناڕازییە، چونکە کەسوکارەکانمان بە ماددەی ١ی ژمارە ٢١ سزادراون لە کاتێکدا پێویست بوو بەپێی یاسای ژمارە (٣٥)ی رۆژنامەگەری و یاسای ژمارە (١١) خۆپیشاندانەکان مامەڵەیان لەگەڵ کردبان، چونکە ئەوان کەسانی مەدەنی رەخنەگر و بێ چەکن بەپێی ماددەی (٣٢) دەستوری عێراق مافی ئازادی رادەربڕینیان پێداوە، ھەروەھا داواکارین حکومەتی ھەرێمیش واز لە تەحەدا و فشارخستن بۆ سەر دەستەڵاتی دادوەری بھێنێت و بە نیشتیمانییانە مامەڵە بکات و مامۆستا (بەدەل بەرواری، ئومێد بەروشکی) و (سلێمان کەمال، کارکەر، بەندەوار، جەمال، قارەمان) و ھاوڕێکانیان و ھەموو دەستگیرکراو و راگیراوەکانی دیکەش كە لە زینداندان ئازاد بکەن.

 

کەسوکاری زیندانیکراوەکانی بادینان

١٩/٢/٢٠٢١

بابەتی پێشتر

وێنە.. قەدەغەی هاتوچۆ لە هەندێک پارێزگای عێراق جێبەجێکرا

بابەتی دواتر

هەرێمی كوردستان.. ژمارەی توشبووانی كۆرۆنا زۆر زیادیكردووە بەڵام كەس نەمردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share