ڕەغد-ی كچی سەدام حسێن دەڵێت، “دڵنیایە” لە گەڕانەوەی بۆ عێراق و دەربارەی كوشتنی براكانیشی دەڵێت، تائێستا وێنەی ڕوداوەكەی نەبینووە.
ڕەغد سەدام حسێن، لەمیانەی زنجیرەی سێیەمی ئەو چاوپێكەوتنەی كەناڵی عەرەبییە لەگەڵیدا ئەنجامیداوە و ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی شوبات بڵاوكرایەوە وتی، لەلایەن هۆزەكانەوە هاوكاری كراوە بۆ هەڵهاتن بەرەو سوریا، بەبێ ئەوەی ناسنامەی ئەو كەسانەی هۆزەكان ئاشكرابكات كە هاوكارییان كردووە.
باسی لەوەشكرد كە خێزانەكەی سەدام پاسپۆرتیان نەبووە.
لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا دەربارەی دیمەنی كوشتنی قوسەی و عودەی برای، ڕەغد وتی، “تائێستا وێنەی كوشتنی عودەی و قوسەی-م نەبینیوە”و ئەوەشی وت، “كاتێك پەیوەندیم بە كەسانی پەیوەندیدار و نزیكی خۆمان كرد دەربارەی هەواڵی كوشتنی قوسەی و عودەی، ڕەتیانكردەوە، پاش دوو ساڵ ئاشكرابوو كە ئەوان بابەتەكەیان شاردوەتەوە بۆ پارێزگای لە مەعنەویاتی ئێمە”.
ڕەغد باس لە گەڕانەوەی بۆ عێراق-یش دەكات و دەڵێت، “من دڵنیام لە گەڕانەوەم بۆ عێراق. ئەمە نیشتیمانمە”.
لە بەشی دووەمی چاوپێكەوتنەكەیدا كچە گەورەكەی سەدام حسێن باسی لە یادەوەری ماوەی هاوسەرگیری لەگەڵ حسێن كامل-دا كرد و ئاماژەی بەوەكرد كە باوكی ئازادی قبوڵكردن یان ڕەتكردنەوەی پێداوە لە هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیانی بە مەرجی ڕەزامەندی ئەو.
باسی لەوەشكرد كە لە تەمەنی 15 ساڵیدا كاتێك لە قۆناغی سێی ناوەندی بووە هاوسەرگیری كردووە. پاش هاوسەرگیرییەكەشی لەگەڵ حسێن كامل، سوور بووە لەسەر خوێندنی زانكۆ سەرەڕای ڕەتكردنەوەی لەلایەن هاوسەرەكەیەوە.
هەروەك باسی لە وردەكاری چوونە دەرەوەی لە عێراق كرد لەكاتی ناكۆكی نێوان باوكی و هاوسەرەكەی و وتی، “هاوسەرم ڕاوێژی پێكردم لەكاتی چوونە دەرەوە لە عێراق، هەستمكرد مانەوەم دەبێتە هۆی ڕژانی خوێن لەنێوان هاوسەرم و باوكمدا”.
پەیوەندیدار: چاوپێكەوتنەكەی ڕەغد سەدام حسێن.. پەیام بوو یان ڕۆڵ؟
ئاشكراشیكرد كە زانیاری نەبووە لەبارەی ناوەرۆكی ڕاگەیەنراوەكەی حسێن كامل لەو كۆنگرەیەی لە ئوردون لە ساڵی 1995 ئەنجامیدا و وتی، “هەستم بە توڕەیی زۆر كرد لە لێدوانەكانی هاوسەرم لە كۆنگرەكەدا و شەڕێكی توندم لەگەڵ كرد”.
سەبارەت بە گەڕانەوەكەشی دەڵێت، “بڕیاری گەڕانەوەمدا بۆ عێراق بەبێ منداڵەكان، ئامادەبووم منداڵەكانم جێبهێڵم بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە لای باوكم”.
لە وەڵامی پرسیاری ڕۆڵی ئەو لە ڕازیكردنی هاوسەرەكەی بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات ڕەغد وتی، “بەهیچ شێوەیەك من نەبوومە هۆی ڕازیكردنی بە گەڕانەوە بۆ عێراق، بەڵام خۆشەویستی ئەو بۆ نیشتیمان، سەرەڕای كاروباری دیكە، وایلێكرد بگەڕێتەوە”.
دەربارەی كوشتنەكەشی باسی لەوەكرد كە “بە بڕیارێكی عەشایەری بووە”.
لە بەشی یەكەمی چاوپێكەوتنەكەیدا ڕەغد باسی لە “دابەشكردنی عێراق” یان گۆڕینی بۆ دەوڵەتێكی فیدڕاڵی كرد و وتی، “هیوادارم ڕۆژێكی وا لە وڵاتەكەمدا نەبینم”.
هەروەك باسی لە دەستێوەردانی ڕوونی ئێران لە ناوچەكەدا كرد بەوەی “ئێرانییەكان دەستیان بەسەر عێراقدا گرتووە پاش نەمانی دەسەڵاتی ڕاستەقینە”.