فڕۆکەخانەی هەولێر دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی ڕاگەیاند

فڕۆکەخانەی نێودەوەڵەتیی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 16ی شوبات گەشتە نێودەوڵەتییەکانی دەستپێکردەوە و بەپێی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ دەکرێتەوە.

لە ڕاگەیەنراوێكدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “دوای ئەوەی کاتژمێر 9:30 ی دوێنێ شەو 2021/2/15 ، چەند مووشەکێک بەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کەوتن ، لە ئەنجامدا لە ناو فڕۆکەخانە بووە هۆی گیانی لە دەستدانی کەسێک و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە، لە ناو شاری هەولێریش سێ کەسی تر برینداربوون”.

ڕاشیگەیاند کە ئەمڕۆ لە دوای کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەحمەد هوشیار، بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوەڵەتیی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “دوای هێرشەکانی شەوی ڕابردوو بڕیارماندا لە کاتژمێر 9:00ی شەو تاوەکو 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوەڵەتیی هەولێر ڕابگرین”.

جەختیکردەوە کە هیچ کێشەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بوونی نییە و دڵنیایی دەداتە گەشتیارانی کوردستان و عێراق کە گەشتەکان دەستپێدەکاتەوە و هەموو کارەکانی فڕۆکەخانە لەژێر کۆنترۆڵدایە.

لە دواین ڕاگەیەنراویشیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “هەرچەند ناحەزان و تيرۆریستان، هەوڵی ئازاردانی گەلەکەمان بدەن و بە کردەوە ترسنۆکەکانیان ، خەریکی تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بن و بیانەوێ کۆسپ لە سەر ڕێگامان بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتن دروست بکەن، ئێمە بە ئیرادەیەکی بەهێزتر ، ڕووبەڕوویان دەبینەوە و لە ڕێڕەوی خۆمان بەرەو سەرکەوتن ناوەستین”.

شەوی ڕابردوو بە 14  موشەک کە “مینی کاتیۆشا” بوون هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازی ئەمریکییەکان و چەند موشەکێکیش لەناو شاری هەولێر کەوتنەخوارەوە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشەکانەوە هەشت هاوڵاتی برینداربوون و کەسێکیش گیانیلەدەستدا، هەروەها هێزەکانی هاوپەیمانان ڕایگەیاند کە نۆ ئەندامی هێزەکانیان برینداربوون و کەسێکیش کوژرا.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێرەوە ڕونکردنەوەیدا

بابەتی دواتر

بۆچی تەنها یەک یانەی ئینگلیزی بۆندی پێشکەشی ئالابا کردووە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share