دامەزراوەیەكی ئەمریكی لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، ئەمریكا هەوڵی نەداوە بۆ ئەوەی مردنی هاوڵاتییانی سڤیلی سوریا و عێراق بەهۆی بۆردوومانەكانییەوە كەمبكاتەوە.
دامەزراوەی ڕەند-ی ئەمریكی لە ڕاپۆرتێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی شوبات ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردووەتەوە، داوا لە ئەمریكا دەكات هەوڵی ئەوە بدات سنوورێك بۆ مردنی هاوڵاتییانی سڤیلی عێراق و سوریا دابنێت، كە لە ئەنجامی بۆردوومانەكانی ئەمریكاوە دەمرن.
ئەو ڕاپۆرتە ئاماژەی بەوەشكردووە، “لە توێژینەوەیەكدا كە لە 511 پەڕە پێكدێت، ئەوە ڕوون كراوەتەوە كە هێزی ئاسمانیی ئەمریكا پێویستە سنوورێك دانێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی بۆردوومانەكانییەوە بە هاوڵاتییانی سڤیلی عێراق و سوریا دەگەن”.
دامەزراوە ئەمریكییەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی ئەمریكا لە بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت لە سوریا بەبێ ڕەزامەندیی حكومەتی وڵاتەكەیە”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “پێگەی ڕێكخراوی ئێر واری بەریتانی كە ئاماری ئەو هاوڵاتییە سڤیلانە دەخاتەڕوو لە بۆردوومانەكاندا كوژراون ئاشكرایكردووە، 13 هەزار هاوڵاتیی سڤیل لە عێراق و سوریا لە ساڵی 2014ەوە تا ساڵی ڕابردوو لە ئەنجامی بۆردوومانەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش كوژراون”.
لەنێو ئەو ڕاپۆرتەی دامەزراوەی ڕەند ڕای شارەزایانی سەربازی خراوەتەڕوو كە ئاماژەیان بەوەكردووە، “بەهۆی ئەوەی ئەمریكا هێزەكانی لە زەویدا بڵاونەكردووەتەوە بۆیە گوێ بە بۆردوومانەكان نادات و بە وریاییەوە مامەڵە ناكات”.