لەدوای ئەو هەڵبژاردنەی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكانی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدرا، بەرپرسێكی دیكەی حزبەكە دەست لەكاركێشانەوەی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ شەممە 13ی شوبات جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان پرۆسەی ھەڵبژاردنی تەواوکاری خولی دووەمی خانەی ڕاپەڕاندنی بە سەرپەرشتی ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەكە ئەنجامدا.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە شێخ کامیل قادر، وەك سکرتێری جڤاتی نیشتمانی و سەفین مەلا قەرە، وەك سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان و ئاسۆ رەحیم، وەك سکرتێری کاروباری باژێرەکان دەنگی زۆرینەیان هێنا و دەرچوون.
پێشڕەو ڕەئوف، سکرتێری جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دەست لەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند.
پێشڕەو، كە كاندید بوو بۆ پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانی، هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی “هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆ نایاسایی و ناشەفاف بووە”.
هەڵبژاردنەكەی ئەمڕۆ بۆ پڕكردنەوەی جێی هەریەك عەدنان عوسمان، جەلال جەوهەر و شەماڵ عەبدولوەفا بوو كە پێشتر لەكاتی جیاجیادا دەست لەكاركێشانەوەیان پێشكەشكرد.