جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری، بەشداریی لە کارەکانی خولی 22هەمین دیالۆگی مەنامە (IISS Manama Dialogue) کرد، کە لە شاری مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەڕێوەدەچێت.
کۆنگرەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکان، وەزیرانی بەرگری و دەرەوە، ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی کە زیاتر لە 50 وڵاتی جیهان بەشدارن تێیدا، بەڕێوەدەچێت.
لەچوارچێوەی کارەکانیدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسایشی ڕێڕەوە دەریاییەکان، بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە سایبەرییەکان دەکرێت.
لە میانی بەشدارییەکەیدا، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی باڵای لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان وڵاتان ئەنجامدا، بە ئامانجی بەهێزکردنی هاریکارییە هەواڵگرییەکان، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، دۆزینەوەی میکانیزمی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و سەقامگیریی ناوچەکە.
جەلال شێخ ناجی لەمیانی کۆنگرەکەدا رایگەیاند بەهێزکردن و بەردەوامی هاریکارییە هەواڵگری و ئەمنییەکان لە نێوان وڵاتاندا، فاکتەرێکی بەهێزدەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتان و ناوچەکەش، بەشێوەیەک ئەم قۆناغەی هاتۆتە پێش پێویستی بە هەماهەنگی بەردەوام هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر تەحەددییە ئەمنییەکان و ئاشکراشیکرد دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پەیوەندیی بەردەوامدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تـ.ـیرۆر و مەترسییە ئەمنییەکان، بەرهەمی ئەم هەوڵانەش فاکتەرێکی بەهێزبوون بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەمان.
سەرۆکی ئاژانسی پاراستن وزانیاری / زانیاری لە کۆنگرەی مەنامە روونیشیکردەوە دابینکردنی ئارامی و ئاسایش پرۆسەیەکی وردو بەردەوامە ، بێ هاوئاهەنگی هەمەلایەنەی نێودەوڵەتی بەدینایەت بۆیە بەرپرسیارێتی نیشتمانیی و پیشەیی هەمووانە ، کە پابەند بە بەها باڵا و بەرژەوەندییە گشتییەکانمانەوە ، کاربکەین بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە کە ئەویش پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییمانە .