ئەمریكا و ئیسرائیل پلانێكی تۆكمەیان بۆ لێدان لە كۆتا بڕبڕەی پشتی ئێران داناوە و بەپێی ڕاپۆرت و بەدواداچوونەكانیش بێت سێ ئاڕاستەی سەرەكی لە ئێران كە خۆیان لە (بنكەی سەرەكیی سوپای پاسداران، سەرجەم كۆگاكانی مووشەك و ژێرخانی ئابووریی) دەبیننەوە؛ دەكرێنە ئامانج.
بەپێی بنكۆڵكارییەكی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی، ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەگەڵ حكومەتی جەنگی ئیسرائیل و سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامداوە و ڕاستەوخۆ پلان بۆ ئیفلیجكردنی ئێران داندراوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی پلەدار لە ئیدارەكەی سەرۆكی وڵاتەكەی و بەشێك لە یەكە سەربازییەكان؛ تەواوی پلانە سەربازییەكەی ئاشكراكردووە و بەپێی ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز و ئەو پلانە، “ئەمجارە تاران وێران دەبێت و بەشێوەیەكی چڕ ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی ئۆپراسیۆنێكی وردتر دەبێتەوە و بۆ ماوەی 72 كاتژمێر بۆردوماندەكرێت”.
بنكۆڵكارییەكەی نیویۆرك تایمز ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمجارە سێ ئامانجی سەرەكیی لە پشت هێرشەكانی ئەمریكاوە داندراون كە خۆیان لە بنكەی سەرەكیی سوپای پاسداران، سەرجەم كۆگاكانی مووشەك و ژێرخانی ئابووریی تاران دەبیننەوە، ئەو بنكە و شوێنانەی كە ڕاستەوخۆ پەیوەستدارن بە سوپای پاسدارانەوە، لە سەرانسەری ئێران وێران دەكرێن، هەروەها بەشێوەیەكی چڕ ژێرخانی ئابووریی ئێران دەكرێتە ئامانج و ئەو سەكۆی مووشەك و ئەو شوێنانەی كە تێیدا سوپای پاسداران وەك كۆگایەكی زۆر قووڵ بۆ كۆكردنەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی دایناون، دەكرێنە ئامانج و بەپێی بەدواداچوونەكانیش بێت، ئەمریكا زانیاریی وردتری لەسەر كۆگا نهێنییەكانی ئێران هەیە.
ئاشكراشی كردووە، لە ئێستادا و ماوەی هەفتەیەك دەبێت، كەشتیی فڕۆكەهەڵگری سیۆدۆر ڕۆزفێڵد بنكەی خۆی بەجێشهێشتووە و پێشبینیش دەكرێت بەرەو ئاڕاستەی هەریەكە لە كەشتیی فڕۆكەهەڵگری جۆرج بوش و جۆرج واشنتن بڕوات، ئەمەش بۆ یەكەمین جارە پاش ساڵی 2003، سێ فڕۆكەهەڵگری زەبەلاحی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆببنەوە و پێشبینیش دەكرێت، زیاتر لە 20 هەزار دەستە و سەربازی سەر بە هێزەكانی مارێنزی ئەمریكا پشتیوانیی ئەم سێ كاروانەی هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا بكەن بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمەش لەكاتێكدایە، بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەمریكا، تەلئەبیبیان لەم هێرشە ئاگاداركردووەتەوە و بەپێی پێشبینییەكانیش بێت، ئیسرائیلیش دەستپێشخەریی ئاسمانی دەكات و بەشێكی سەرەكی دەبێت لە ستراتیجی هێرشەكان بۆ سەر تاران.