كار بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی 150 هەزار كەسی بێسەروشوێن دەكرێت

كەسوكاری بێسەروشوێنە سورییەكان هەوڵ بۆ زانینی چارەنووسی ئازیزانیان دەدەن

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەیەوێت ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتیی نوێ دروستبكات بۆ هاریكاریكردن لە گەڕان بەدوای نزیكەی 150 هەزاری سوری-دا كە تائێستا لە خانەی بێسەروشوێنبوواندان لەوەتەی شەڕی ناوخۆیی سوریا لە ساڵی 2011ەوە سەریهەڵداوە.

ئەم ڕۆژانەی دوایی بۆ فەدوا مەحمود-ی سوری پڕ نیگەرانی بوون، بەهۆی تێپەڕبوونی دەیەیەك بەسەر دیارنەمانی هاوسەر و منداڵەكەی. ئەوان لەنێو زیاتر لە 100 هەزار بێسەروشوێنبوودان لەدوای هەڵایسانی شەڕی ناوخۆیی سوریاوە.

ئەو لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ DW دەڵێت، “كەس هەست بە ئاستی ئەو ئازارە ناكات كە هەر خولەكێك بەسەرماندا تێدەپەڕێت لەوەتەی هاوسەر و كوڕەكەمم لەدەستداون. زیاتر لە دە ساڵ تێپەڕیووە بەبێ هیچ هەواڵێك. تەنها دەمەوێت بزانم لە ژیاندا ماون یان مردوون”.

فەدوا، كە ئێستا لە بەرلین دەژی، وتی، عەبدولعەزیز خەیر-ی هاوسەری و ماهیر-ی كوڕی بێسەروشوێن بوون دوای ئەوەی ماهیر چووە فڕۆكەخانەی دیمەشق بۆ هێنانەوەی باوكی لە 20ی ئەیلولی 2012، عەبدولعەزیز ئەندامێكی ناسراوی هێزە بەرهەڵسكارەكانی سوریا بوو، گوماندەكرێت لەلایەن هێزی هەواڵگرییەوە گیرابن. ماهیر (34 ساڵ) و ئەیاس عیاش كە ئەندامێكی دیكەی بەرهەڵسكار بوو دەستگیركران.

لەگەڵ تێپەڕبوونی هەموو ئەم ساڵە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، “بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕژێمی سوریا پابەندە بە بیرۆکراسییەکی ورد سەبارەت بە دەستبەسەرکراوان، لەکاتێکدا هێزەکانی بەردەوامن لە شاردنەوەی بە ئەنقەستی چارەنووس و شوێنی ئەو کەسانەی بەزۆر بێسەروشوێنکراون”.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بێسەروشوێنان ڕەنگە هێشتا لە زیندانەکانی سەر بە حکومەت ڕاگیرابن و ئەشكەنجە بدرێن، یاخود کوژرابن، ئەگەریشی هەیە لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە ڕفێندرابن کە بەشدارن لە شەڕەکانی سوریادا، ڕەنگە ژمارەیەکی زۆریشیان هێشتا لە ژیاندا مابن.

حکومەتی سوریا لە ساڵی 2018دا ڕایگەیاند، بەڵگەنامەی مردنی بۆ سەدان دەستگیرکراو دەركردووە، بەڵام دواتر دەرکەوت بەشێکیان لە ژیاندا ماون.

لە کۆتایی ئابی ڕابردوودا، فەرمانگەی جێبەجێکاری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و پێشنیاری دامەزراندنی “میکانیزمێکی سەربەخۆ”ی نوێی کرد کە بتوانێت یارمەتیدەر بێت لە گەڕان بەدوای کەسانی بێسەروشوێندا.

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر راسپاردەی هاوشێوەی خستۆتەڕوو، بەڵام هەر ڕێکخراوێکی نوێ بە دڵنیاییەوە وەک ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو سورییە بێسەروشوێنانە دەبێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە چەندین ڕێکخراو کاردەکەن بۆ تۆمارکردنی ئەو سورییە بێسەروشوێنانە، لەوانە کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور کە سەرکەوتوو بووە لە سەردانیکردنی زیندانیانی زیندانەکانی سووریا، ئەگەرچی تا ڕادەیەکی سنووردارە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دڵی دەیان هەزار كەس لای كەسوكارە بێچارەنووسەكانیانە.

س: DW

بابەتی پێشتر

هاوپەیمانیی سەروەری: پشتیوانی لە مانەوەی حەلبووسی لە پۆستەكەی دەكەین

بابەتی دواتر

ساڵح ژاژڵەیی: درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە بەرژەوەندیی پەرلەمانتاراندایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share