ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایدەکات، بە واژووی 88 پەرلەمانتار، پێنج داواکاریی گرنگ لە نووسراوێکدا ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە بە مەبەستی دامەزراندنیان.
د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بە واژووی 88 پەرلەمانتار، پێنج داواکاریی گرنگمان لە نووسراوێکدا ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد، تا لە بودجەی ساڵی 2027 جێگیربکرێن.
پوختەی داواکارییەکان کە ئاڕاستەکراون بریتین لە:
– سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان: دامەزراندن و تەرخانکردنی پلەی وەزیفی بۆ سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی بەشەکان لە هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵانی (2017 – 2025).
– خۆبەخشانی کەرتی تەندروستی: دامەزراندن و دانانی میلاکی هەمیشەیی بۆ 13 هەزار و 300 خۆبەخشی کەرتی تەندروستی.
- فەرمانبەرانی گرێبەست: جێگیرکردنی زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی کوردستان، ئەم فەرمانبەرە گرێبەستانە ئەوانەن کە لە ئێستادا مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دابیندەکرێت.
– شایستەی دارایی خانەنشینان: خەرجکردنی تەواوی شایستە داراییەکانی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵانی 1962، 1963، 1964 لەدایکبوون و خانەنشینکراون.
– دەرچووانی ساڵانی پێشوو: دابینکردنی دەرفەتی دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا.