قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە بەردەوامی هەماهەنگی و هاریکاری نێوان سەرجەم هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرایەوە، لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان، کەمکردنەوەی کاریگەریی گرژییەکان و نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم ئاسایش و ئارامی وڵاتەکەمان.
هەروەها لە بەرئەنجامی ڕاپۆرتی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری، قوباد تاڵەبانی ڕوونکردنەوەی زیاتریدا و ڕایسپاردن وەک هەمیشە بەردەوام بن لە ڕاپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانیان، هەروەها هۆکاری سەرەکیی بن لە سەرخستنی پڕۆسە ئەمنی و هەواڵگرییەکان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا.
لە کۆتاییدا قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان هەرگیز نەبووە و نابێتە بەشێک لە کێشەکان، دەمانەوێت بە دیالۆگ پرسەکان یەکلایی بکەینەوە و لەم هەلومەرجەشدا بە ویستی گەلەکەمان هەنگاوەکانمان بنێین.