شارەزایەکی بواری زەویناسی ئاشکرایدەکات، ئەو بومەلەرزانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ڕوویاندا زۆر ئاسایی و سروشتین، هەروەها پێویست ناکات هاوڵاتییان بترسن.
شاکار کاکەعەلی، شارەزای بواری زەویناسی لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ڕوودانی بومەلەرزە سروشتییە و هەر دەبێت ڕووبدات، چونکە بەشی دەرەوەی توێکڵی زەوی (کەوڵ) بەردەوام لە جوڵەدایە، ئەم جوڵەیەش وادەکات پلێتەکانی زەوی بەردەوام بەر یەکتریی بکەون و دەبێت لە خاڵێکدا وزەکەیان خاڵیی ببێتەوە، ئەمەش ڕوودانی بومەلەرزەی لێدەکەوێتەوە.
ڕوونیشیکردەوە، ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر زۆنێکی مەترسیداری بومەلەرزە نین، هەروەها ئەو بومەلەرزانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕوویاندا زۆر ئاسایی و سروشتین، گوڕەکانیان کەمە و پێویست ناکات هاوڵاتییان بترسن.
باسی لەوەشکرد، لە ڕووی زانستییەوە ناتوانین پێشبینیی ڕوودانی بومەلەرزە بکەین، بەڵام دەتوانین پێشبینیی بکەین کە ئەگەری ڕوودانی بومەلەرزە لە ناوچەیەک زیاترە بەراورد بە ناوچەیەکی دیکە.