سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆتا کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەدا داوایان لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە کە بەشداریی لە کۆبوونەوەی لوتکەی لایەنەکان بکات کە لەلایەن کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکانەوە سەرپەرشتیی دەکرێت.
لەبارەی کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە سەعدی ئەحمەد پیرە هیچ زانیارییەکی نەخستەڕوو و وتی، لەکاتی خۆیدا وادەکەی ئاشکرادەکرێت.
هەروەها وتیشی، پرسی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان بووە بە کارێکی نەشیاو و نادروست بۆ میللەتێکی نیشتمانپەروەر و ستەمدیدەی وەک کورد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نابێت گوێ بە بیانووی هیچ لایەنێک بدات و دەبێت دەستپێشخەری بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان.
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەشی خستەڕوو، لە هەرێمێکی یەکگرتوودا حکومەتێکی بنکەفراوان بەبێ بەشداریی یەکێتی و پارتی پێکنایەت، بۆیە دەبێت ئەو دوو حزبە لە زۆر شتدا دەست و پەنجە نەرم بکەن و جێگەی لایەنەکانی دیکەش بکەنەوە.