پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە هەولێر ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا کار بە بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین نەکراوە و نرخەکان وەک خۆیان ماونەتەوە.
وتیشی، لە ئێستادا لیترێک بەنزینی موحەسەن بە 1650 دینار و بەنزینی سوپەر بە 1750 دینار دەفرۆشرێت.
هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، “لە بەشێکی زۆری بەنزینخانەکان بەنزینی نۆرماڵ نەماوە و هاوڵاتییان بەناچاری بەنزینی موحەسەن و سوپەر دەکڕن. لە بەشێکی دیکەی بەنزینخانەکانیش لەسەر تابلۆی نرخەکان نووسیویانە 850 دینار بەڵام کە دەچیتە ژوورەوە دەڵێن نیمانە.”
ئەمە لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە بڕیارێکدا نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بە 850 دینار دیاریکرد، هاوکات ڕێنماییدا بە بەنزینخانەکان کە نابێت بەنزینی موحەسەن بە زیاتر لە 1000 دینار و بەنزینی سوپەر لە 1200 دینار زیاتر بفرۆشرێتە هاوڵاتییان.