لەنێوان دوو داتای حکومەتدا 108.5 ملیار دینار جیاوازیی لە تێچووی پڕۆژەی ئاوی بارزان هەیە

بەپێی دوو داتای ڕەسمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی تەنیا 11 ڕۆژدا جیاوازیی 108 ملیار و 500 ملیۆن دینار تەنیا لە تێچووی پڕۆژەی وێستگەی پاڵاوتن و گەیاندنی ئاو لە دەڤەری بارزان بەدی دەکرێت.

ڕۆژی 19ـی تەمموز، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی وێستگەی پاڵاوتن و گەیاندنی ئاوی لە دەڤەری بارزان کردەوە. لەکاتی ڕاگەیاندنیدا وا بڵاوکرایەوە کە بە گوژمەی 138 ملیار و 500 ملیۆن دینار جێبەجێکراوە و 53 هەزار کەس لە سنووری 53 گوند لێی سوودمەند دەبن.

کەمتر لە دوو هەفتە بەر لە کردنەوەی پڕۆژەکە، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 9ـی تەمموز ڕاپۆرتی پڕۆژەکانی ئاوی لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوەکراوە پڕۆژەکە بە بڕی تەنیا 31.1 ملیار دینار جێبەجێکراوە.

ئەم بەراوردکارییە دەری دەخات تەنیا لەماوەی 11 ڕۆژدا گوژمەی تێچووی هەمان پڕۆژە لە 30 ملیارەوە بۆ 138.5 ملیار بەرزبووەتەوە، جیاوازیی نێوان گوژمەی کاتی ڕاگەیاندن و داتای حکومەتی هەرێمی کوردستان 108.5 ملیار دینارە، تا ئێستاش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ڕەسمی سەبارەت بەم جیاوازییە گەورەیە نەدراوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share