لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان: بڵاوکردنەوەی خێرای وێنە و ڤیدیۆی شوێنە ئەمنییەکان دەبێتە چاوساغیی بۆ لایەنی شەڕکەر

لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، نابێت ڕێگە بدرێت کەناڵەکان ببنە سەکۆیەک بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و سنووری سلێمانی.

لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێی سەبارەت بە بارودۆخی نائاسایی ناوچەکە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پاش دەستپێکردنەوەی گەڕی سێیەمی جەنگی ئەمریکا و ئـ.ـێران، بەهۆی هەستیاریی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە داواکارین کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، میدیاکاران و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سنووری سلێمانی پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:

– بەرپرسیارێتیی وتاری میدیاییمان، ئاوێتەی ستراتیجیمان بێت.

– ڕێگە نەدرێت کەناڵەکان ببنە سەکۆیەک بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و سنووری سلێمانی.

– ھەر سەرچاوەیەک زانیاریی ڕەسمیی نەبێت یان لێدوانی وتەبێژانی دامەزراوە ئەمنییەکانی نەبێت، پشتی پێ نەبەسترێت.

– خۆتان لە بڵاوکردنەوەی وتی وتی و هەواڵی چەواشەکار و بێبنەما بپارێزن.

– ڕووماڵی شوێنی بۆردومان و تەقینەوەکان مەکەن، تا لایەنی بەرپرس پشکنین بۆ شوێنەکە نەکات.

– بڵاوکردنەوەی خێرای وێنە و ڤیدیۆی شوێنە ئەمنییەکان دەبێتە چاوساغیی بۆ لایەنی شەڕکەر.

– لە شوێنی بۆردومانەکاندا میدیا چاوپێکەوتن، کۆبوونەوە و قەرەباڵغی دروست نەکات.

– دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتییان هێڵی سوورە.

– دیاریکردنی جوگرافیای شوێنی ڕووداو، شکاندنی پڕۆتۆکۆڵی بەرپرسیارێتیی یاساییە.

– بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییەکی سەربازی و ئەمنی، سەقامگیریی کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە.

– لە کاتی کەوتنەخوارەوەی درۆن یان مووشەک، ئەو جێگایە دەبێتە شوێنی جەنگ، بۆیە نابێت پەخشی ڕاستەوخۆی تێدا بکرێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share