بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە ئاوی کونەماسی، گەنجێکی لەدایکبووی ساڵی 2008 خنکا و تەرمەکەی دۆزرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەکی بە ڕەگەز عەرەب، بە ناوی (أ،ق،ج) لەدایکبووی ساڵی 2008 بۆ گەشتکردن هاتبووە ناوچەی گەشتیاریی کونەماسی لە شارباژێڕ، لە ئاوی کونەماسیدا بەهۆی مەلەکردنەوە خنکابوو، توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی شارباژێڕ و بنکەی پۆلیسی گاپێڵۆنەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی غەواسی دووکان و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، تەرمەکەی دەربهێندرێتەوە و ڕەوانەی پزیشکی داد بکرێت.
ڕاشیگەیاند، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکان، تەرمەکە ڕادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە.
داواش لە هاوڵاتییان و گەشتیاران دەکات، خۆیان بەدووربگرن لە مەلەکردن لە ئاوی بەخوڕ و ئەو ئاوانەی کە قوڵییەکانیان نەزانراوە، تاوەکو خۆشییەکانیان لێ تێکنەچێت.