پسپۆڕێکی تایبەت لەبواری سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی عێراق و ئەمریکا کاریگەریی لەسەر بەهای دینار هەیە.
د. کاروان حەمەساڵح، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی تایبەت لەبواری سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی نێودەوڵەتی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پێش سەردانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و عێراق کاریگەریی لەسەر دۆخی دارایی و دراوی عێراق هەبوو، لە ڕابردووشدا وتومانە کە ئەگەر بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە دینار بگاتە 160 هەزاریش هیچ کێشەیەک دروستنابێت، بەڵام ئەو بەهایە بۆ هەردوولا هێڵی سوورە.
دەشڵێت، ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق، دەربڕینی نیەتپاکی و پشتیوانیی دارایی ئەمریکا بوو بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و عێراق لە بواری نەوت و بازرگانی جگە لەوەی کاریگەریی لەسەر بەهای دیناری عێراقی هەیە، دەرگاکردنەوەی عێراقە بەڕووی کۆمپانیا ئەمریکییەکان تاوەکو وەبەرهێنان بکەن.
د. کاروان حەمەساڵح، ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر عەلی زەیدی بتوانێت لە تاقیکردنەوەکاندا سەرکەوتووبێت، گۆڕانکارییەکانی کابینەکەی لە سەرجەم کابینەکانی پێشوو جیاوازتر دەبن.
باسی لەوەشکرد، پەیوەست بە عێراق، ئێستا ئەمریکا لەڕووی سیاسی، ئەمنی و ئابورییەوە هەمان خواستی ساڵی 2003ی هەیە.