لەسەر ڕێگەی کەلار – ناحیەی باوەنوور، ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان پیکاب وەرگەڕا و حەوت کەس بەهۆیەوە برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان ڕایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا، لەسەر ڕێگەی کەلار – ناحیەی باوەنوور، نزیک گوندی تازەدێ، ئۆتۆمبێلیکی جۆری نیسان پیکاب، بە ئاراستەی ناحیەی باوەنوور ڕۆیشتووە، کۆنترۆڵی لەدەستداوە وەرگەڕاوە، بەهۆیەوە شۆفێر و شەش سەرنشین برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارەکان لەدایکبووی ساڵەکانی 1956 و 1960 و 1990 و 2013 و 2011ـن، لەگەڵ دوو منداڵی تەمەن 9 ساڵان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “سەرجەم بریندارەکان گەیەندرانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە لەلایەن تیمی هاتوچۆوە دەستیپێکردووە، بۆ زانینی هۆکار و چۆنیەتیی ڕوودانی”.