دەقی ئەو ڕێککەوتنە بڵاوکرایەوە، کە ئەمڕۆ لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی واژووکرا.
دەقەکە:
دیموکراسی و پاراستن و بەرجەستەکردنی مافی هاوڵاتییان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان و باشترکردنی حوکمڕانی، هەردوولا (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ) ڕێککەوتنێکی سیاسیی ستراتیجی بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی و ڕێکخستنەوەی باڵانسی هێز لە دیمەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتمانیی، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان بکات بەبێ جیاوازی و بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف بۆ سەرچاوە گشتییەکان دابینبکات؛ ڕێککەوتنێک واژوودەکەن.
ئەم ڕێککەوتنە وەڵامێکە بۆ ئاڵۆزییە سیاسی و ئابورییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و هەوڵێکە بۆ دروستکردنی نموونەیەکی نوێی حوکمڕانی کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، هاوسەنگیی دامەزراوەیی و شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی داهاتە داراییەکاندا بونیاد دەنریت و بۆ زیادکردنی متمانەی هاوڵاتییان بە دامەزراوە ڕەسمییەکان و کارکردنی دامەزراوەکانیش بۆ باشکردنی گوزەران و مووچە و پێشکەشکردنی باشترین خزمهتگوزاری بۆ هاوڵاتییان.
بنەماکانی ئەم ڕێککەوتنە:
یەکەم: ئامانجەکانی ڕێککەوتن
1- گەڕانەوەی هاوسەنگی و باڵانسی هێزە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هاوکاریی دامودەزگاکانی حوکمڕانی و پەرلەمان و سیاسی و دروستکردنی یەک بلۆکی سیاسی بۆ ئەم قۆناغە.
2- بەهێزکردنی کاری هاوبەش بۆ پێکهێنانی دامەزراوە ڕەسمییەکان لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و هاوسەنگی.
3- چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە و داهاتە داراییەکان کە گرنگترینیان، چەسپاندنی یاسای بودجەیە بۆ هەرێمی کوردستان.
4- پەرەپێدانی سیستمێکی حوکمڕانی دامەزراوەیی کە سنووردارکردن و نەهێشتنی قۆرخکاری دەسەڵات بکات و چاودێریی و لێپرسینەوە، بەهێزبکات.
5- چەسپاندنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، چاودێری، جێبەجێکردن و دادوەری لە یەکتری و ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی و بێلایەنیی دەسەڵاتی دادوەری.
دووەم: هاوکاری لە ئاستی پەرلەمانی کوردستان
1- هەماهەنگی و یەکهەڵوێستی لە ناو پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پشتگیری لە چاکسازیی سیاسی و دامەزراوەیی و پشتگیریکردنی پڕۆژە هاوبەش و گرنگەکان لەپێناو بەیاساییکردنیان.
2- پشتگیری لە یاساکان کە شەفافییەتی دارایی و چاودێری لە داهاتە گشتییەکان زیاددەکەن.
3- پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ چاودێریکردن لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان و هەڵسەنگاندنی کارکردن.
4- بەهێزکردنی ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان وەک دەسەڵاتی چاودێری و یاسادانان.
5- ڕێککەوتن لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکان و پەسەندکردنیان لەلایەن پەرلەمان و دەزگا تەشریعییەکان.
6- کارکردن بۆ گێڕانەوە و هەموارکردنی ئەو یاسایانەی پێویستە هەمواربکرێنەوە و ئەو بڕیارانەی بەدەر لە یاساکانی پەرلەمان دەرچوێندراون و بوونەتە مایەی زیان بۆ ژیان و گوزەرانی چین و توێژە جیاوازەکان.
7- ئامادەکردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی کە ئاستی بژێویی هاوڵاتییان باشتردەکەن و پەسەندکردنیان، بەتایبەت لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، هەموو سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان، باج و ڕسوومات.
8- هاوپەیمانیتییەکە پێکەوە کاردەکەن لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چەسپاندنی ئەم خاڵانە و جێبەجێکردنیان:
أ. گێڕانەوەی بڕێک لە پارەی پاشەکەوتکردن و لێبڕینی مووچەی مووچەخۆران و کردنەوەی ژمارە حیساب بۆیان.
ب. پێدانی سلفەی زەواج بە گەنجان.
پ. دابەزاندنی نرخی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی تر.
ت. کەمکردنەوەی باج و ڕسوومات لەسەر کاسبکاران.
ج. دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان و دامەزراندنی دامەزراوەیەک بۆ ڕاژە و هەلی کار.
چ. یەکلاکردنەوەی کێشەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کاتی و گرێبەست.