وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە درێژەی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی پەرتووکی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتەکەیان لە ساڵی (2019 تا 2025 )، بەپێی داتا و زانیارییەکان داهاتی حەوت ساڵی ڕابردووی گومرگ و دەروازەکان نزیکەی 9 ترلیۆن و 547 ملیار و 323 ملیۆن دینار بووە.
ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی سەرقاڵی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدایە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی ڕێکخستن و یەکخستنی کاروباری گومرگی و ترانزێت لە سەرتاسەری عێراق لە ژێر یەک سیستەمی یەکگرتوودا.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، گرنگترین ئەو چالاکی و چاکسازییانەی لە ساڵانی ڕابردوودا وەزارەتی دارایی و ئابووری لە سەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرگ و خاڵەسنووریەکان جێبەجێیکراوە بریتییە لە:
1- بە ئەلکترۆنیکردنی کاروباری دەروازەکان و گومرگی فڕۆکەخانەکان و بەستنەوەیان بەوەزارەتەوە (ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان) هەروەها هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی فڕۆکەخانەی نیۆدەوڵەتیی (هەولێر و سلێمانی).
2- پێداچوونەوە بە ڕسومات و پێناسەى گومرگى بۆ بەشێک لە کاڵا و پێداویستییەکان بە هاوبەشیی گومرگی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.
3- پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لەو لێخۆشبوونە گومرگیانەی لەماوەی ڕابردوودا بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان کرابوون.
4- هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکانی دیکەی وەک وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەى وەبەرهێنان بەمەبەستی پشتیوانی ئەو پڕۆژانەى کە لە چوارچێوەى یاسای وەبەرهێنان جێبەجێدەکرێت بەمەبەستی لێخۆشبوونی گومرگی و گەشەکردنی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.
5- دانانی سیستمی ترانزێت بۆ هاوڵاتییان و بازرگانان کە ئاڵوگۆڕى بازرگانى دەکەن لە نێوان وڵاتانی (ئێران، تورکیا و سوریا) و دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان.
6- هەموارکردنەوەی ڕێنمایى هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆی هەرێمی کوردستان.
7- چالاککردنی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێرىی گومرگى لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانى و دهۆک) بە ئامانجى ڕێگریکردن و کەمکردنەوەی دیاردەى قاچاغ و سەرپێچى یاسایی بە هاوکاری لەگەڵ پۆلیسی گومرگ.