وەزارەتی دارایی، ڕایگەیاند، داهاتی حەوت ساڵی باج زیاتر لە پێنج تریلیۆن و 400 ملیار دینار بووە.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لە درێژەی خستنەڕووی ناوەڕۆکی پەرتووکی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری و لەچوارچێوەی پەیڕەوکردنی بنەماکانی شەفافیەت و ئەنجامدانی چاکسازی، بەشی دووەمی داتا و زانیارییەکان کە تایبەتە بە داهاتەکان و وردەکارییەکانی لەسەر ئاستی وەزارەت و پارێزگاکان دەخرێتەڕوو.
دەشڵێت، بەپێی داتاکان کۆی داهاتی باج و خانووبەرەی میری لە ساڵی 2019 تا کۆتایی ساڵی 2025 نزیکەی پێنج تریلیۆن و 415 ملیار و 30 ملیۆن دینار بووە، وەزارەتی دارایی لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا چەندین چالاکی وچاکسازیی ئەنجامداوە لە بوارەکانی کارگێڕی، دارایی، یاسایی، پیشهیی و تەکنیکی بەپێی یاسا و ڕێساکان بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنەکانی دادوەری و داواکاری گشتی هەروەها لەگەڵ لایەنەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان….هتد، لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەوەش دەخاتەڕوو، دوای ئاماژەدان بە بەشی یەکەمی پەرتووکەکە کە پێکهاتبوو لە بودجەی گشتیی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان و میلاک ژمارەی مووچەخۆر و سوودمەندان لەگەڵ شێوازی دابەشکردنی مووچە، خەرجییە گشتییەکان، قەرز وپێشینەکان، بەمەبەستی ڕێکخستنی کارەکانی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان و کۆکردنەوەی داهات و نەهێشتنی خۆدزینەوە لە باج و هەڵوەشاندنەوەى لێخۆشبوونەکان و پێداچوونەوە بۆ قەرزدارانی باج، چەندین هەنگاوی تر هەر وەکو لە کتێبی وەزارەتماندا ئاماژەی پێکراوە لە بوارەکانی:
1- بەسیستمکردنی پڕۆسەی کاروباری باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
2- ڕێکخستنەوەى باج لە خاڵە سنوورییەکان و دانانی ڕێکارەکانی تایبەت بە وەرگرتنی باجی هاوردە و هەناردە.
3- ڕێکخستن و پۆلێنکردنی ژمارەی کۆمپانیاکانی گەورە باجدەران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
4- پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانی لێخۆشبوون لە باجى زەویى پڕۆژەکانى وەبەرهێنان.
5-سەرژمێریکردن و کەمکردنەوەی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکەکانی میری و بەکرێدان و فرۆشتنی موڵکەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە ژێر ڕۆشنایی یاسادا .
6- هەموارکردنەوەى پەیڕەوى تیانووسی گرتنی بازرگانى(نظام مسك السجلات التجارية لضريبة الدخل) بۆ مەبەستەکانى باجى دەرامەت و دانانى پەیڕەوى ئەنجومەنى پیشە(مجلس مهنة التدقيق والحسابات) لەگەڵ چەندین هەنگاوی دیكە.
تێبینی :
1- زۆرترین ڕێژەی داهاتی باج و خانووبەرەی میری لە پارێزگای هەولێرە لەبەرئەوەی پایتەختی هەرێمی کوردستانە و ژمارەی کۆمپانیا گەورەکان و جوڵەی بازرگانی لەو پارێزگایە زیاترە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە.
2- باجی هاوردە و هەناردە لە خاڵە سنوورییەکان و دەروازەکان کۆدەکرێتەوە .