پۆلیسی ڕاپەڕین، ڕایگەیاند، شەش کەس بە تۆمەتی دزینی ماسی دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین، ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هاوڵاتییەك لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕانیە سکاڵای تۆمارکرد کە بە وتەی خۆی لە شوێنی بەخێوکردنی ماسی لەلایەن چەند کەسێکەوە ماسی لێدزراوە، بڕیاری دادوەر بە دەستهات پەڕاوی لێکۆڵینەوە کرایەوە.
دەشڵێت، دوای بەدواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاریی پێویست توانرا لە ماوەیەکی کەمدا هێزەکانمان لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕانیە بە هاوبەشیی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی ڕاپەڕین و بنکەی پۆلیسی سەرکەپکان ناسنامەی تۆمەتباران کە شەش کەسن ئاشکرابکرێن و دەستگیرکرێن.
ئەوەش دەخاتەڕوو، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا تۆمەتباران لە بەردەم دادوەر و پۆلیسدا دانیان بە تاوانەکەیاندا نا کە سێ لە تۆمەتباران دزییەکەیان ئەنجامداوە سێ تۆمەتبارەکەی دیکەش هاوکاری سێ تۆمەتبارەکەی دیکە بوون بۆ ئەنجامدانی تاوانی دزیکردنەکە.
پۆلیسی ڕاپەڕین، ئەوەش دەڵێت، دادوەر بڕیاریدا بە ڕاگرتنی تۆمەتباران بە پێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.