ئایندەی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناڕوونە، لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر لوبنان لەژێر پرسیارە.
دیمەنی سیاسی و سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بەردەم وەرچەرخانێکی دراماتیکیدایە. لەکاتێکدا ڕاگەیاندنی ئاگربەست و ڕێککەوتن لە نێوان واشنتن و تاراندا وەک ههنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان سەیردەکرێت، بەڵام بەردەوامیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و هۆشدارییە توندەکانی ئێران، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەم هێوربوونەوەیە لەسەر بنەمایەکی لەرزۆک وەستاوە.
جیاوازیی ستراتیجی لە نێوان هاوپەیمانان (واشنتن و تەلئەبیب)
یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی بەردەوامیی قەیرانەکە، بریتییە لە لێکترازانی ئەجێندای ئەمنی و سیاسیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل؛ واشنتن لە ڕێگەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا، دەیەوێت ناوچەکە بەرەو هێوربوونەوە ببات، تیشک بخاتەسەر دۆسیە جیهانییەکانی دیکەی وەک بلۆکی ڕوسیا-چین و ڕێگری بکات لە ڕاکێشرانی هێزەکانی بۆ ناو جەنگێک، کە تێچووی زۆر دەوێت، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هاوکات تەلئەبیب پێیوایە هەر ئاگربەستێک کە حزبوڵای لوبنان نەگرێتەوە و کشانەوەی تەواوەتیی ئەو هێزە بۆ باکووری ڕووباری لیتانی زامن نەکات، جێگەی قبوڵ نییە. ئیسرائیل دۆخی ئێستای لوبنان وەک دەرفەتێکی مێژوویی دەبینێت بۆ لاوازکردنی تەواوەتیی ژێرخانی سەربازیی حزبوڵا، تەنانەت ئەگەر ئەمە دژی خواستەکانی واشنتنیش بێت.
پێگەی لوبنان لە کایەی ئەمنیی ئێراندا
هۆشدارییەکەی ئێران کە دەڵێت “ئاگربەست دەبێت شەڕ لە لوبنانیش بوەستێنێت”، تەنیا وەک دروشمێکی سیاسی سەیرناکرێت، بەڵکو پەیوەستە بە قووڵایی ستراتیجیی تارانەوە؛ حزبوڵا گرنگترین و بەهێزترین ئەڵقەیە لە نێو ئەو کەوانەیەی ئێران بە “بەرەی بەرگری” (محور المقاومة) ناوی دەبات. لاوازبوونی حزبوڵا، بە مانای بێبەشکردنی ئێران دێت لە گرنگترین کارتی فشاری سەر سنوورەکانی ئیسرائیل.
شارەزایان دەڵێن، ئەگەر ئێران ڕێگە بدات ئیسرائیل بە جیاوازی مامەڵە لەگەڵ بەرەکاندا بکات (واتە ئارامی لەگەڵ ئێران و جەنگ لەگەڵ لوبنان)، ئەوا یەکگرتنی بەرەکان، کە تاران چەندین ساڵە کاری بۆ دەکات، بە تەواوی هاڕە دەکات.
پاڵنەرەکانی سەرهەڵدانەوەی جەنگ و ئاستی مەترسییەکە
بەردەوامیی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ئەگەری داڕمانی ئاگربەستەکە و سەرهەڵدانەوەی جەنگ بە ڕێژەیەکی زۆر بەرزدەکاتەوە، لە کاتی بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەکان، ئەگەری زۆرە ئیسرائیل سەرکردەیەکی یەکلاکەرەوەی حزبوڵا یان ڕاوێژکارانی باڵای سەربازیی ئێران لە لوبنان بکاتە ئامانج، یان هێرشبکاتە سەر ژێرخانێکی مەدەنیی هەستیار.
ئەم جۆرە ڕووداوانە تاران دەخەنە دۆخێکەوە کە بۆ پاراستنی هەیبەتی سەربازیی خۆی، ناچاربێت وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ (هاوشێوەی ئۆپراسیۆنە مووشەکییەکانی ڕابردوو) تاقیبکاتەوە.
سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکانی داهاتوو
کاردانەوەی لایەنەکان و ئاراستەی ڕووداوەکان لە چەند هەفتەی داهاتوودا، لە سێ سیناریۆی سەرەکیدا کورتدەبنەوە:
سیناریۆی یەکەم: وەڵامدانەوەی ناڕاستەوخۆ و کۆنترۆڵکراو
ئێران بۆ دوورکەوتنەوە لە داڕمانی خێرای ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەمریکا، ڕەنگە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ دوابخات، بەڵام گڵۆپی سەوز بۆ گرووپە هاوپەیمانەکانی لە عێراق، یەمەن و سوریا هەڵبکات، بۆ چڕکردنەوەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل. ئەمەش جۆرێکە لە شەڕی فڕۆکەوانی (War of Attrition) بەبێ چوونە ناو جەنگێکی گشتگیر.
سیناریۆی دووەم: داڕمانی تەواوەتیی ڕێککەوتنەکە و جەنگی هەرێمایەتی
ئەگەر ئیسرائیل سووربێت لەسەر بەردەوامیی ئۆپراسیۆنەکانی و گۆڕینی دۆخی دیمۆگرافی و سەربازیی باشووری لوبنان، ئێران پاڵپشت بە هۆشدارییەکەی، هێرشێکی مووشەکیی بەرفراوان دەکاتە سەر ناوچە هەستیارەکانی ئیسرائیل. لەم سیناریۆیەدا، ئەگەری ئەوە تا ڕادەیەک هەیە کە ئەمریکا بێتەوە ناو شەڕەکەوە، ئەمەش بە تەواوی ڕێککەوتنی واشنتن-تاران لەباردەبات و ناوچەکە دەخاتە ناو جەنگێکی کراوەی فرەڕەهەندەوە.
سیناریۆی سێیەم: دیپلۆماسییەتی چرکەی کۆتایی
ئەمریکا لەژێر فشاری داڕمانی ڕێککەوتنە ستراتیجییەکەی لەگەڵ ئێران، فشاری ئابوری و سیاسیی توند و بێپێشینە بخاتە سەر حکومەتی ئیسرائیل، بۆ ئەوەی لوبنانیش بخرێتە ناو چوارچێوەی ئاگربەستەکەوە، یان لانی کەم شێوازی هێرشەکانی ئیسرائیل ببنە هێرشی هەواڵگریی سنووردار کە پاساو نەداتە دەست تاران بۆ وەڵامدانەوەی گەورە.