بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ڕایگەیاند، ڕێگە بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن نادرێت ڕووماڵی تاقیکردنەوەکان بکەن.
نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ڕایگەیاند، سەرجەم بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان، سەرپەرشتیاران، بەڕێوەبەر، یاریدەدەر و چاودێری هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی 12ی ئامادەیی خولی یەکەم بەهەموو بەشەکانییەوە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی پڕۆسەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی و بە مەبەستی فەراهەمکردنی کەشێکی لەبار بۆ خوێندکاران، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئاگادارتان دەکاتەوە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە تیمەکانی ڕاگەیاندن (کەناڵەکان، فۆتۆگرافەران، و ڕاگەیاندکاران) نادرێت بچنە ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانەوە بۆ ڕووماڵکردن.
وتیشی، بە هیچ شێوەیەک چاوپێکەوتن لەگەڵ خوێندکاران لە ناو هۆڵەکان یان دەوروبەری هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکان ئەنجام نادرێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی تێکدانی تەرکیزی خوێندکاران، داوا لە بەرپرسانی پەروەردە و مامۆستایان دەکەین کە لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکاندا خۆیان لە هەر جۆرە لێدوان و ڕووماڵێکی میدیایی بە دووربگرن.
ئەوەش دەڵێت، داوا لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین هاوکارمان بن لە سەرکەوتنی ئەم پڕۆسە نیشتمانییە و ڕێز لە تایبەتمەندی و ئارامیی هۆڵەکان بگرن، هەر کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێنماییانەدا، لێپرسینەوەی یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
بڕیارەکانی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەکاتێکدایە کە سبەینێ یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026 پرۆسەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی 12ی ئامادەیی زانستی، وێژەیی و پیشەیی، لە کاتژمێر 7:30ی خولەک لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.