وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان: جێی سەرسوڕمانە عەدنان فەیحان داوا دەكات مووچەی هاوڵاتییان ڕابگیرێت

وەزارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی جێبەجێکردووە و بەڵام لەلایەن حکومەتی عێراقە مافەکانی پێشێلدەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی عەدنان فەیحان، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەداتەوە کە ڕایگەیاندبوو، (پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕابگیرێت)، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، عەدنان فەیحان دلێمی، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە حكومەتی فیدراڵی دەكات، ناردنی هەر بڕە پارەیەک بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕابگرێت تا ئەو كاتەی هەموو ئەو بڕە پارانەی ئاماژەیان پێدەدرێت، یەكلایی دەكرێنەوە، لە كاتێكدا حكومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەركردنی هەر تێبینییەک یان یەكلاییەكردنەوەیەكی پەیوەندیدار دووپات كردووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە ساڵی 2025دا هەرێمی کوردستان پشکی گەنجینەی فیدراڵیی بەپێی ڕێککەوتنەکان ڕادەستکردووە، بەڵام حکومەتی عێراق تەنها پارەی مووچەی 10 مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردووە و مووچەی هەردوو مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی خەرج نەکردووە، لە کاتێکدا مووچەی تەواوی دامەزراوەکانی دیکەی عێراق لەو دوو مانگەدا دابەشکراوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، باشتر بوو ناوبراو هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و دەستووری بۆ کێشەی بڕگەی “خەرجیی فیعلی” بدایە کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە و تەنیا بەسەر هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت، کە بووەتە هۆی خەرجنەکردنی تەواوەتی شایستە داراییەکان و مووچە، جێگەی سەرسوڕمانە کەسایەتییەک لەو پۆستەدا، لەبری پاراستنی یەکسانی و مافی سەرجەم هاوڵاتییان، داوای بڕین و ڕاگرتنی مووچەی بەشێکی دیاریکراو لە هاوڵاتییانی وڵات بکات.

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵەبانی: بەردەوامبوونی ئەم دۆخە زیانی زیاتر بە پێگەی هەرێمی کوردستان و گوزەرانی هاوڵاتییان دەگەیەنێت

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی ئەڵمانیا و بەریتانیا کۆبووەوە و جەختی لەوە کردووە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە چەقبەستووە زیانی بۆ…
Total
0
Share