وەزارەتی پەروەردە ژمارەیەک ڕێنمایی تایبەت بە پرۆسەی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانیی پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی بڵاوکردەوە.
وەزارەتەکە ڕایگەیاند، سەرپەرشتیار، بەڕێوەبەر و چاودێری هۆڵەکان بەهیچ جۆرێک مۆبایل ببەنە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە، بەپێچەوانەوە بە ‘هاوکاریی گزی’ دادەنرێت. دەشڵێت، دەبێت مامۆستای چاودێر و بەڕێوەبەری هۆڵ و یاریدەدەر دڵنیابنەوە کە پرسیارەکان و پەڕەی سۆما هەردووکی لە خوێندکار وەرگیراوەتەوە، بەپێچەوانەوە نمرەی بۆ هەژمار ناکرێت.
وەزارەتی پەروەردە ڕاشیگەیاند، دەبێت پشکنین بۆ خوێندکاران ئەنجامبدرێت پێش چوونەژوورەوە بۆ هۆڵی تاقیکردنەوە، هەموو جۆرە ئامێرێکی ئەلکترۆنی، زیرەک، کاتژمێری زیرەک و مۆبایل ڕێگەپێنەدراوە و هەر خوێندکارێک ئەو ئامێرانەی پێبوو، لەناو هۆڵی تاقیکردنەوە بە گزی هەژماردەکرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، مامۆستایان، سەرپەرشتیاران و فەرمانبەرانی دیکەش، مافی ئەوەیان نییە پاش تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان، پرسیارەکانی پۆلی 12 بڵاوبکەنەوە و وەڵامەکان دیاری بکەن. بەڵکو لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە، کۆدەبنەوە و وەڵامی دروست بۆ پرسیارەکان دەستنیشاندەکەن و بڵاویدەکەنەوە.
لە کۆتاییشدا وەزارەتی پەروەردە ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی تاقیکردنەوەی نیشتمانی، ”پێویستی بە ڕووماڵی میدیاکان نییە” و هەموو داتا و زانیارییەکان، لەلایەن وتەبێژی وەزارەتەوە بۆ میدیاکان دەخرێنەڕوو بەبێ جیاوازی.