هۆبەی کشتوکاڵی مەخمور لە ئاگادارییەکدا بۆ جوتیارانی سنوورەکەیان لەبارەی جۆرە ڕووەکێک بڵاویکردەوە، لەکاتی بینینیدا دەستبەجێ پەیوەندیی بە بەشی کشتوکاڵی مەخمورەوە بکەن بۆ ئەوەی ئەو جۆرە ڕووەکە لەناوببەن.
بەگوێرەی هۆبەی کشتوکاڵی مەخمور، ئەو ڕووەکە بریتییە لە “داتورا”، ناوە ئینگلیزییەکەی (Datura stramonium)ـیە و بە “شمشاڵی شەیتان” یان “سێوی شەیتان” ناسراوە. ڕووەکەکە “زۆر ژەهراوییە “و ماددەی کیمیایی مەترسیداری وەک ئەترۆپین و سکۆپۆلامین لەخۆدەگرێت و هەموو بەشەکانی ژەهراوین، بەتایبەتی تۆو و گەڵاکانی.
هۆبەکە ئاماژەی بەوەشداوە، خواردنی ئەو جۆرە ڕووەکە دەبێتە هۆی وڕێنەی توند و لەدەستدانی هۆشیاری و وشکبوونەوەی دەم و فراوانبوونی بیلبیلەی چاو و لێدانی خێرای دڵ و دەکرێت ببێتە هۆی مـ.ـردن.
هۆبەی کشتوکاڵی مەخمور شێوەی ڕووەکەکە بۆ هاوڵاتییانی سنوورەکە وەسفدەکات و دەڵێت،”گوڵێکی گەورە و سپی لەشێوەی شمشاڵە و بەرەکەی دڕکاویە. بە شێوەیەکی گشتی وەک گژوگیایەکی کێوی لە ناوچە جێهێڵراوەکان و کێڵگەکان و بەدرێژایی ڕێگەکان گەشەدەکات.”