وەزارەتی ناوخۆ، ڕایگەیاند، ئەوانەی مۆڵەتی نوێی شۆفێریی هەرێمی کوردستانیان هەیە دەتوانن لە وڵاتی دیکەش شۆفێریی پێبکەن.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، بۆ کارئاسانیی هاوڵاتییان دوابەدوای دەرکردنی مۆڵەتی نوێی شۆفێری، لەکاتی گەشتکردنیاندا هاوڵاتی ئارەزوومەندە لەوەی مۆڵەتی شۆفێریی نێودەوڵەتی دەربهێنێت یاخود نا، چونکە مۆڵەتی نوێی شۆفێریی هەرێمی کوردستان بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی دروستکراوە و لە زۆربەی وڵاتانی دیکەش پەسندکراوە.
وەزارەتەکە دەڵێت، ئەو کەسانەی کە هەڵگری مۆڵەتی شۆفێریی نوێی خۆجێین دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن بەبێ ئەوەی مۆڵەتی شۆفێرییەکەیان بگۆڕن بە مۆڵەتی شۆفێریی نێودەوڵەتی .
وەزارەتی ناوخۆ ئەوەش دەڵێت، ئەو کەسانەی کە هەڵگری مۆڵەتی شوفێریی نوێی خۆجێین، بەڵام بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت ناکەن بۆ دەرەوەی وڵات و ئەگەر بیانەوێت لەو وڵاتەی گەشتیان بۆ کردووە و ئۆئۆمبێل بە کرێ بگرن و شۆفێری بکەن ئەوا پێویستە مۆڵەتی شۆفێریی نێودەوڵەتی دەربهێنن .