عەربەت و خانەقین.. نەبوونی كارەبا و ئاو خەڵكی هێنایە سەرشەقام

بەهۆی كەمبوونەوەی كارەبا و نەبوونی ئاوی خواردنەوە، بەشێك لە هاوڵاتیانی ناحیەی عەربەت خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەشێك لە هاوڵاتییانی ناحیەی عەربەت لەبەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەكە خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا و داوای زیادبوونی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا و ئاوی خواردنەوەیان كرد.

پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لەوێبوو، هاوڵاتییان قسەیان بۆ كرد، گلەیی ئەوەیان لە حكومەت هەبوو، كە پێدانی كارەبا و ئاوی خواردنەو بە هاوڵاتییانی ناحیەكە وەكو پێویست نیە.

لەگەڵ ئەوەی دووپاتیانكردەوە خۆپیشاندانەكەیان مەدەنیانەیە، بەڵام ماوەی هەفتەیەكیشیان داوەتە بەڕێوەبەری ناحیەكە، تا داواكارییەكانیان جێبەجێبكرێت، بەپێچەوانەوە بەشێوەیەكی دیكە خۆپیشاندان دەستپێدەكەنەوە.

لای خۆیەوە، دابان محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “كەمبوونەوەی ئاوی ناحیەكە پەیوەندی بە كەمبوونەوەی ئاوی بێستان سوورەوە هەیە”

وتیشی، “گرفتی كەمی كارەباش پەیوەندی بە كۆنترۆڵی كارەباوە هەیە و پێشتر چووینەتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی و داواكارییەكانمان گەیاندووە”.

بەڕێوەبەری ناحیەكە بەخۆپیشاندەرانیشی وت، “بەشی كارەبای ئێمە لە سلێمانی زیاترە”.

لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمڕۆ بەشێك لە دانیشتوانی قەزای خانەقین بەهۆی نەبوونی ئاو و كارەباوە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

چەند ڕۆژیكە لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا سەریهەڵداوە، جگە لە ناڕەزایەتییەكانی ئەمڕۆ، پێشتر لە قەزای پێنجوێنیش ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، بەناچاری كارەبای قەزاكە كرایەوە بە 24 كاتژمێر.

دوێنێش هاوڵاتیانی چەند گوندێك شەقاكی سەرەكیی نێوان سلێمانی – دوكانیان گرت و دژی كەمی كارەبا ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بابەتی پێشتر

وەزیری تەندروستی: دۆخی كۆرۆنا لە هەرێم بەرەو ڕەنگی پرتەقاڵی دەڕوات

بابەتی دواتر

هەولێر.. باوك و كوڕێك لەكاتی مەلەكردندا خنكان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share