هەرچەندە وەرزی گەرما و مەلەکردن هێشتا دەستیپێنەکردووە، بەڵام تەنیا لەماوەی ئەمساڵدا 21 کەس خـ.ـنکاون، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت ئامارەکان باش نین و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕووداوەکانی خـ.ـنکان زیادیکردووە.
موقەدەم سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە ماوەی ساڵی 2025ـدا، 63 کەس لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان خنکاون، تەنیا لە 5 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 21 کەس خـ.ـنکاون.
ڕوونیشیکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هێشتا وەرزی گەرما و مەلەکردن نەهاتووە، کە لەو وەرزەدا زۆرترین حاڵەتەکانی خـ.ـنکان تۆماردەکرێن، ئامارەکان مەترسیدارن و ئاماژەیەکی باش نین.
شوێنی خـ.ـنکانی ئەو کەسانە بەم شێوەیەیە:
– پارێزگای هەولێر: 11 کەس
– پارێزگای هەڵەبجە: 1 کەس
– ئیدارەی سۆران: 4 کەس
– ئیدارەی زاخۆ: 5 کەس
موقەدەم سەرکەوت کاڕەش ئاماژەی بەوەدا، “ئەگەر هاوڵاتییان ڕێنماییەکانی بەرگریی شارستانی جێبەجێنەکەن و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن هۆشیاریی و ڕێنماییەکان بڵاونەکەنەوە، ئەمساڵ کارەسات ڕوودەدات.” هەروەها وتیشی، پێویستە هاوڵاتییان ئەو تابلۆیانە نەشکێنن کە لە شوێنە گەشتیارییەکان و ڕووبار و دەریاچەکان دایاندەنێین و دووربکەونەوە لە مەلەکردن لەو شوێنە قووڵەکان.”
وتیشی، “داوا لەو هاوڵاتییانە دەکەین کە بۆ گەشت و گوزار سەردانی شار و پارێزگاکانی دیکە دەکەن و شارەزای سنووری جوگرافیای ئەو شوێنە نین، دووربکەونەوە لە مەلەکردن.”