د. جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پێکهێنانی حکومەتی عێراق کاریگەریی لەسەر نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار دەبێت، چونکە بەشێک لە پڕۆژەکان وەستاون، لەگەڵ پێکهێنانی حکومەت، خەرجیی پڕۆژەکان دەستپێدەکاتەوە و وەزارەتەکان دەست بە چالاکی دەکەنەوە، ئەوەش پێویستی بە دراوی دینار دەبێت، بەم شێوەیەش بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دادەبەزێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریکا پاڵپشتیی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی عەلی زەیدی دووپاتکردووەتەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخی دراو دەبێت و پاڵپشتییەکی مەعنەوییە بۆ دارایی عێراق، بەو مەرجەی ئاڵۆزی و شـ.ـەڕ لە ناوچەکە دروستنەبێتەوە.
زیاتر ڕوونیکردەوە، لێکدانەوەیەکی هەڵە بۆ هەواڵی ‘ڕاگرتنی ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق’ کرا، ئەوەی عێراق داوایکردبوو پارەی زیادەی نەوت بوو، عێراق لەکاتی فرۆشتنی نەوت، پێویستی بە هەموو داهاتەکە نابێت، بەشێک لەو داهاتەکەی کە دەمێنێتەوە و پێویستی نییە، لە بانکی جەی پی مۆرگانی ئەمریکا و لەژێر چاودێریی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەڵدەگیرێت. ئەمریکاش لە وەڵامدا بە عێراقی ڕاگەیاندبوو، تاوەکو پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ئەو پارە زیادەیە ڕەوانە ناکەین.
د. جەبار گۆران پێشبینیکرد، ئەگەر هۆکارە دەرەکییەکان سەقامگیربن و شـ.ـەڕ لە ناوچەکە ڕوونەداتەوە، لە داهاتوودا نرخی 100 دۆلار بێتەوە خوار خانەی 150 هەزار دیناری، وتیشی، “دەبێت نرخی ڕەسمی (132،000 دینار بۆ 100 دۆلار) لەگەڵ نرخی بازاڕەکان 12 بۆ 13 هەزار جیاوازییەکەیان بێت.