ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو 8ـی ئایاری 2026، لە ڕووداوێکی نەخوازراودا، چەند گەنجێک لەناو شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بە ماتۆڕسکیل ڕێگە لە پاسێکی گەشتیارانی پارێزگاکانی عێراق دەگرن و هێرشیان دەکەنەسەر، لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە ئەو کارەی کردوویانە پلان بۆ داڕێژراو نەبووە و هەڵسوکەوتێکی شەخسیی خۆیان بووە، دیارە ئەو جۆرە کارانە زۆر نەشیاون و دوورن لە کلتووری شاری کەلار و گەرمیان لەکاتێکدا خەڵکی ناوچەکە بە میواندۆست ناسراون، تا ئێستاش سەرەڕای ئەوەی ڕۆژانە گەشتیارێکی زۆر لە کەلارەوە هاتوچۆدەکەن ڕووداوی وەها نەبووە.
ئاماژەی بەوەشدا، “دڵنیاییش دەدەین بۆ ئەم ڕووداوە نەخوازراوە، خودی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستبەجێ هاتووەتە سەر هێڵ و بەفەرمانی بەڕێزیان هەر پاش ڕووداوەکە لایەنە ئەمنییەکان بە ئەرکی خۆیان هەستاون و لێکوڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکرێت و ڕێکاری یاسایی پێویست دەگیرێتەبەر.”
ئیدارەی گەرمیان دەشڵێت، هەر لێرەوەش وەکو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، داوای لێبوردن دەکەین لەو خوشک و برایانە کە لە پاسەکە بوون و دڵنیایی دەدەین بەهەمووان کە هیچ جۆرە هەڵسوکەوتێکی لەو جۆرە ڕووناداتەوە چونکە ئەوە لەنەریت و کەرەمی گەرمیانییەکان ناوەشێتەوە.