لەبارەی نرخی هێلکەوە، ئەنجومەنی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هێلکەی خواردن لە سلێمانی ڕوونکردنەوە دەدات.
ئەنجومەنی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هێلکەی خواردن لە پارێزگای سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلەی سەبارەت بە نرخی هێلکە بڵاوکردەوە و تێیدا سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە گرانبوونی ئەو بەرهەمە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەنجومەنەکە دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان کە ئەم هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە و ئەوان بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە هەر بەرزبوونەوەیەکی نایاسایی نرخ دەکەن بۆ ئەوەی بارگرانی بۆ سەر شانی خەڵک دروست نەبێت.
خاوەن کێڵگەکان جەختیان کردووەتەوە کە بەرژەوەندیی گشتی و بژێویی هاوڵاتیانیان لە سەروو هەموو جۆرە قازانجێکەوە داناوە، بۆیە سەرجەم پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە لە سنووری سلێمانی بەردەوامن لە کارکردن بە کوالێتییەکی بەرز و هەموو تواناکانیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی بازاڕەکان تێر بکەن و ڕێگری لە هەر جۆرە کورتهێنانێک بکەن.
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا کە ئەمڕۆ 4ی ئایاری 2026 دەرچووە، نوێنەری پڕۆژە پەلەوەرییەکان دووپاتیان کردووەتەوە کە پابەندن بە دابینکردنی پێداویستییەکانی سەر خوان بە نرخێکی گونجاو و جێگیر.
