بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هیچ دابەزینێکی مەترسیدار لە ئاستی ئاوی ژێرزەوی ڕووینەداوە.
خومار نەجم، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەگوێرەی لێکۆڵینەوە زانستییەکان، شاری سلێمانی بۆ پاراوبوونەوەی تەواوەتیی کۆگاکانی ئاوی ژێرزەوی، پێویستی بە نزیکەی 600 ملیم بارانی ساڵانە هەیە، چونکە تەنیا %15ی ئەو بارانەی دەبارێت دەچێتە ناو کۆگاکانەوە.
باسی لەوەشکرد، گەڕانەوە بۆ ئاستی ئاوی ساڵانی 1990 بەهۆی زیادبوونی خواستی جیهانی و تەوژمەکانی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کارێکی ئەستەمە، بەڵام داتاکان دەریدەخەن کە لە کۆگا سەرەکییەکانی سلێمانیدا هیچ دابەزینێکی مەترسیدار ڕووینەداوە.
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، جێگەی دڵخۆشییە کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، کە بەهۆی کەمبارانییەوە ئاستی ئاو تەنیا یەک مەتر و نیو بۆ سێ مەتر زیادیکردبوو، ئەمساڵ بوژانەوەیەکی پێوانەیی تۆمارکراوە و ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە نێوان شەش بۆ 20 مەتر بەرزبووەتەوە، ئەمەش گەرەنتییەکی بەهێزە بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی خواردنەوە، کشتوکاڵ و پیشەسازی لە ناوچەکەدا.