سەرۆككۆماری ئێران دەڵێت، “دەكرێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق تا 20 ملیار دۆلاری ساڵانە زیادبكرێت.”
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی شوبات، حەسەن ڕوحانی، سەرۆككۆماری ئێران پێشوازی لە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق كرد و لە دیدارەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاووتوێكرد.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران، ڕوحانی ڕایگەیاندووە، “تاران پێشوازی دەكات لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغداد و دژی هەر دەستوەردانێكی بیانییە لە كاروباری عێراق-دا.”
ئاشكراشیكردووە كە “توانا ئابورییەكانی عێراق و ئێران، یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات تا 20 ملیار دۆلار لە ساڵێكدا زیادبكرێت.”
لای خۆیەوە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق جەختیكردووە لەوەی “بەغداد هاوكارییەكانی ئێران لەبیرناكات و بە پێداگیرییەوە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكانی لە خاكی عێراق.”