شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ بەهۆی ڕوودانی هەورەبروسکە، چەند ناوچەیەک بۆ گەشت و سەیران گونجاو نییە.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، سبەی هەینی، لە کاتەکانی پاشنیوەڕۆ تا ئێوارە، لە ناوچەکانی سنووری ئیدارەی سۆران، ڕاپەڕین، سەنتەری هەولێر و دەوروبەری و ناوچەکانی سنووری قەزای ئاکرێ، ئەگەری دروستبوونی هەورەبروسکەی زۆر بەهێز هەیە، کە زۆربەیان لەو جۆرانەن کە بارانیان کەم لەگەڵدایە، واتا مەترسیدارن، کە ژمارەیەکی زۆر بروسکەیان لێدەردەچێت، بەهێزترین و گەرمترین بروسکەن کە زۆربەیان لە بنکەی هەورەوە بۆ زەوی درێژدەبنەوە.
باسی لەوەشکرد، بۆیە، سبەی کەشوهەوای ئەم ناوچانە سەلامەت نییە بۆ ئەنجامدانی گەشت و چوونە دەرەوە، زیاتر لەبەر مەترسیەکانی هەورەبروسکە لە هەندێک شوێنیشدا تاوەباران و تەرزەی بەهێز دەبارێت، بەڵام زۆرینەی هەورەبروسکەکان کەمبارانن، بۆ ناوچەکانی دیکەی وەک سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، کەرکوک، ناوچەکانی سنووری سەنتەری دهۆک و دەوروبەری، کەشوهەوا جێگیر و ئاساییە.