شارەوانیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەست بە بەرهەمهێنانی قیر لە کارگەی قیری شارەوانی دەکرێتەوە، پلان هەیە لەمساڵیشدا نزیکەی نیو ملیۆن مەتر دووجا شەقام قیرتاوبکەن.
توانا بەهادین، لێپرسراوی بەشی ئامێرەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئامادەکاریی تەواوکراوە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی قیر لە کارگەی قیری شارەوانی و ڕۆژانە 750 تۆن قیری ئامادەکراو بەرهەمدەهێندرێت کە لە ڕۆژێکدا بەشی نزیکەی 4500 مەتر دووجا قیری شەقامەکان دەکات.
ئاماژەی بەوەشدا، پرۆسەی قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی سلێمانی لە ڕۆژی 20ـی نیسانی هەموو ساڵێک دەستپێدەکات و تاوەکو 7ـی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت، پلانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئەوەیە هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، لەمساڵیشدا نزیکەی نیو ملیۆن مەتر دووجا لە شەقامەکان قیرتاوبکرێت.