د. بەهجەت ئەحمەد، ڕاوێژکاری یاسایی ڕایدەگەیەنێت، “لە دوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی عێراق بەشێوەیەکی بەردەوام لە میدیا و بەرپرسانی پارتی گوێ بیستی زۆرینەی ھەڵبژاردن و زۆرینەی خەلکی کوردستان و حزبی یەک ملیۆن دەنگدەر و نوێنەری زۆرینەری خەلکی کوردستان دەبین.”
زیادیکرد، گەورەترین کێشە کە ڕووبەرووی مرۆڤ ببێیتەوە ئەوەیە کە لە ناخی خۆی قەبارەیەک بدات بەخۆی و خۆشی ھەوڵی ئەوە بدات کە قەناعەت بە مێشکی خۆی بکات کە ئەو قەبارەیە ڕاستییە و لە واقع و جودی ھەیە لە کاتێکدا ئەو بابەتە وجودی نییە جگە لە کەسەکە خۆی ھیچ کەسێکی تر نایبینێت، کاتێک باسی ئەو قەبارە گەورەی خۆی دەکات خەلک نازانێت باسی چی دەکات، ئەمە گەورەترین قۆناغی مەترسیە کە مرۆڤ پێی دەگات.
بە وتەی ئەو ڕاوێژکارە، پارتی لە ھەلبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جگە لە ھەردوو بازنەی ھەولێر و دھۆک لە ھەموو بازنەکانی دیکە ھێزی سێیەم و چوارەم بووە، دھۆک و ھەولێریش ئەگەر ھێزی ئەمنی نەبێت ئەوا لەسەر پلەی پێنجەم و شەشەم کێبڕکێی دەکرد.
هاوکات وتیشی، کورسییەکانی پارتی بەراورد بە ھەلبژاردنی 2022 پێنج کورسی کەمیکردووە لە کاتێکدا ژمارەی کورسیی بازنەکان جێگیر بووە، پارتی لەسەر ئاستی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بە یەکێتی دۆراند و ھێزی دووەم بوو، یەکێتی 276 ھەزار دەنگی ھێنا بەڵام پارتی 258 ھەزار دەنگی ھێنا.
د. بەهجەت ئەحمەد لە کۆتاییدا نووسیویەتی، “بۆیە ئومێدەوارم پارتی و بەرپرسانی چاوێک بخشێننەوە بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و بزانن کە ئەو دەنگەی لە ھەولێر و دھۆک بۆیان کۆکردەوە مافی نازناوی زۆرینەی خەلکی کوردستان ناداتە پارتی، ھەرێمی کوردستان ھێزێکی جەماوەریی گەورەی ڕاستەقینەی ھەیە کە ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، خاوەن بڕیارە، بێ ئۆکەی یەکێتی ئەستەمە ئیتر ھیچ بریارێک بدرێت، یەکێتی ھیچ ئۆکەیەک و گڵۆپێکی سەوز ھەڵناکات بۆ ھیچ بریارێک ئەگەر دلنیا نەبێت لە بەرژەوەندیی کۆمەلانی خەلکی کوردستانە.”