روونکردنەوەیەک لە بنەماڵەی ئەحمەد جەلال سەعاتچی

بنەماڵەی ئەحمەد جەلال سەعاتچی روونکردنەوەیەکیان دەربارەی رەتکردنەوەی ئەو هەواڵانە بڵاوکردەوە کە باسیان لەوە دەکرد ئەحمەد جەلال سەعاتچی یەکێک بووبێت لە دەستگیرکراوەکانی لالەزار.

لە روونکردنەوەی بنەماڵەکەدا هاتووە، “بۆ سەرجەم میدیا و میدیاکاران، بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاسایش، پۆلیس و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان، ئێمە وەك بنەماڵەی ‘جەلال ساڵح’ ناسراو بە ‘جەلال سەعاتچی’، رۆژی 28 ئەیلوول کوڕێکمان بە ناوی ‘ئەحمەد جەلال سەعاتچی’ لە نەخۆشخانەی فاروق وەفاتی کردووە، کاک ئەحمەد ماوەی ساڵێکە جەڵدەی مێشک لێیداوە، بۆ وەرگرتنی چارەسەر بردوومانەتە وڵاتی ئێران، جاری دووەم لە 25 ئەیلوولی 2025 لە نەخۆشخانەی فاروق نەشتەرگەریمان بۆ ئەنجامداوە و لە 28 ئەیلولی 2025 لە کاتژمێر 10ی شەو لە نەخۆشخانەی فاروق کۆچیدوایی کردووە”.

ئاماژە بەوەشدراوە، “ئێمە وەک بنەماڵەی جەلال سەعاتچی رایدەگەیەنین، کە کاک ئەحمەد هیچ پەیوەندیی و بیروڕای حیزب، سیاسی و یاسایی لەگەڵ هیچ شوێن و هیچ دەزگایەکدا نەبووە”.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، “ئەو هەواڵانەی دروستکراوە لەسەر ئەحمەد جەلال دەربارەی ئەوەی کە یەکێک بووبێت لە دەستگیرکراوانی لالەزار و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی سپاردبێت، دوورە لە راستییەوە، ئێمە وەک بنەماڵەی کۆچکردوو ئەو هەواڵانە بەدرۆ دەخەینەوە، لە هەمان کاتدا داوای یاسایی لەسەر سەرجەم ئەو پەیج و میدیایانە تۆماردەکەین کە ئەو هەواڵە ناڕاستانەیان لە سەر کۆچکردوو بڵاوکردووەتەوە، هەر کەس و لایەنێکیش بڵاویبکاتەوە خۆی بەرپرسیار دەبێت”.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share