بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەسەر ئەرکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کلیلی ماڵێکی ئاوەدان پێشکەش بەو دوو خوێندکارە کرا کە لە بازیان ماڵەکەیان سووتا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، 11ـی 4ـی 2026 بە ئامادەبوونی مامۆستا نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە مەراسیمێكدا ڕادەستکردنی کلیلی ماڵی هەردوو خوێندکار (لۆزان جاسم قۆناغی 8ـی بنەڕەتی) و (محەمەد جاسم قۆناغی 10ـی ئامادەیی) لە قەزای بازیان بەڕێوەچوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا، بەهۆی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە، ماڵی ئەم دوو خوێندکارە زیانی زۆری بەرکەوت و بەتەواوی سووتا؛ لەسەر ئەرکی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەواوی خانووەکە نۆژەنکرایەوە، هەروەها لە کارێکی مرۆیی هاوبەشدا، لەلایەن دوو کەسی خێرخوازەوە سەرجەم پێداویستییەکان و کەلوپەلی ناوماڵ بۆ خانەوادەکە دابینکرا، تاوەکو ژینگەیەکی گونجاو بۆ خوێندنی لۆزان و محەمەد و ژیانی خێزانەکەیان بگەڕێتەوە.
نەژاد عەبدوڵا ڕایگەیاند، “ئەرکی ئێمەیە ڕێگری بکەین لەوەی هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ببێتە بەربەست لەبەردەم پڕۆسەی خوێندنی منداڵەکانمان”.