دۆزەخی بەرگەهەوا؛ ئاڵنگارییەکی ڕاستەقینە لەبەرامبەر کەپسوولی ئۆریۆن

کەشتیوانانی ئارتمیس-2 بەڕێگەوەن بۆ گەڕانەوە بۆسەر هەسارەی زەوی، ئەم قۆناغەیان مەترسیدارترین و سەخترین قۆناغی گەشتەکەیانە، بەهۆی ئەوەی دووبارە دێنەوە ناو بەرگەهەوای زەوی و ڕووبەڕووی پلەی گەرمیی هاوتای نیوەی پلەی گەرمیی ڕووی خۆر دەبنەوە.

ژیانی کەشتیوانەکان بەندە بە ڕادەی خۆڕاگریی کەپسوولی ئۆریۆن، کە بەشێوەیەک دیزاین کراوە، بتوانێت بەرگەی خێرایی زیاتر لە 40 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بگرێت و ڕووبەڕووی پلەی گەرمیی 2 هەزار و 750 سیلیزی ببێتەوە، کە ناسا لە ڕێگەی بەکارهێنانی ڕووکارێکی ژەنگاوییەوە، کەپسوولەکەی بۆ ئەو دۆزەخەی بەرگەهەوا ئامادەکردووە.

دووبارە گەڕانەوە بۆ ناو بەرگەهەوای زەوی ئەرکێکی قورسە. کاتێک تەنێک لە بۆشایی ئاسمانەوە بە خێرایی هایپەرسۆنیک دەکەوێتە بەرگەهەوای هەسارەکەمانەوە، گەرم دەبێت و دەبێت بە تۆپەڵێکی ئاگرین. ئەمەش زیاتر بەهۆی هەوای پاڵەپەستۆکراوی بەردەم تەنەکە و هێزی ڕاکێشانی بەرگەهەواوە دروست دەبێت. ئەگەر تەنەکە بچووک بێت یان پارێزگاری لە گەرما نەبێت، بە شێوەیەکی گشتی تێکدەشکێت و دەسوتێت. بەڵام لە دروستکردنی کەپسوولەکانی هاوشێوەی ئۆریۆن، ئەندازیاران بە وردیی نەخشەڕێژیی دەکەن و پارێزگاریی وەکو قەڵغانی دژە گەرمی دروست دەکەن بۆ ئەوەی کەمترین مەترسیی لەسەر کەشتییە ئاسمانییەکە و کەشتیوانەکانی دروستببێت.

ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ساڵی 2022 لە ڕووکاری زیاتر لە 100 درز و کون لە کەپسوولەکدا دۆزراوەتەوە، کە ئەوەش ژیانی کەشتیوانەکان دەخاتە مەترسییەوە. بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێکی ئاژانسی ناسا کە لەساڵی 2024دا ئەنجامیداوە، مەترسییەکەی پشتڕاستکردووەتەوە، لە ئەگەری دزەکردنی گەرمیی بۆ ناو کەپسوولەکە، کاریگەریی لەسەر سیستمەکان، بەمەش مەترسیی تەقینەوەی کەپسوولەکە زیاددەبێت.

لە مێژوودا ڕووداوی لەو جۆرە ڕوویداوە، لە ساڵی 2003دا و لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ناو بەرگەهەوای زەوی، کەشتیی ئاسمانیی کۆڵۆمبیا بەهۆی درز و کەلەبەرەوە لە قەڵغانی دژە گەرمییەکەیدا، تەقییەوە و بەهۆیەوە تەواوی حەوت کەشتیوانەکەی گیانیان لەدەستدا.

شارەزایان باس لەوەدەکەن، بەگوێرەی ئەو وێنانەی لە کاتی گەڕانەوەی کەپسوولی ئۆریۆن لە میانی ئەرکی ئارتمیس-1 گیراون، دەرکەوتووە کە قەڵغانی دژە گەرمییەکەی زیانێکی گەورەی پێگەیشتووە. سەرەڕای ئەوەش، کۆمپانیای لۆکهید مارتن، بەرهەمهێنەری کەپسوولەکە گڵۆپی سەوزی بۆ ناسا هەڵکرد بۆ هەڵدانی کەپسوولەکە و جەختیکردەوە کە پلەی گەرمیی ناو کەپسوولەکە لە ئەرکی ڕابردوودا ئاسایی ماوەتەوە، سەرەڕای ئەو زەرەرانەی بەر قەڵغانەکەی کەوتووە.

کۆمپانیاکە چەند گۆڕانکارییەکەی لە قەڵغان و لاشەی کەپسوولەکە ئەنجامداوە، هاوکات بە ماددەی تایبەتی Avcoat ڕووپۆشیکردووە کە کاری سەرەکیی نەهێشتن و پەرشکردنی گەرمییە.

سەرەڕای ئەم گۆڕانکاریانە، گەڕانەوەی داهاتووی کەپسوولەکە ئاڵنگارییەکی گەورە دەبێت بۆ پڕۆگرامی ئارتمیس-2 و چارەنووسی پڕۆگرامەکە کە ئامانجی سەرەکیی پێخستنەوەسەر ڕووی مانگە لە ساڵانی داهاتوودا.

پرۆگرامی ئارتمیس پڕۆژەی سەرەکیی ئەمریکایە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی سەر ڕووی مانگ، کە لە ساڵی 2012ەوە بەلایەنی کەمەوە 93 ملیار دۆلاری تێچووە.

شایەنی باسە، لە دوای ئەرکی ئەپۆلۆ 17 لە ساڵی 1972ـەوە هیچ مرۆڤێک نەچووەتە سەر مانگ، ناسا-ش ئامانجیەتی لە ساڵی 2028دا مرۆڤ جارێکی دیکە پێ بخاتەوە سەر مانگ.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وینسرۆپ ڕۆجەرز: تیمی مەسرور بارزانی ملیۆنان دۆلار خەرجدەکات بۆ کڕینی پشتگیریی سیاسی لە ئەمریکا

ڕۆژنامەنووس وینسرۆپ ڕۆجەرز، لێکۆڵینەوەیەکی سەبارەت بە چالاکییەکانی لۆبیکردن و خەرجییەکانی تیمی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی…
Total
0
Share