چەند کاتژمێرێکی دیکە جیهان شایەتی بینینی ساتێکی مێژووی دەبێت و پاش زیاتر لە 53 ساڵ، گەشتی گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ مانگ دەستپێدەکات.
بڕیار وایە کاتژمێر 6:24 خولەک بەکاتی فلۆریدا (1:24ـی بەرەبەیان بەکاتی کوردستان)، مووشەکی ئاسمانیی SLS کە کەشتیی ئۆریۆنی تێدایە و چوار سەرنشینی هەڵگرتووە، گەشتی گەڕانەوە بۆ مانگ دەستپێبکات.
گەشتەکە لە بنکەی هەڵدانەکان لە کەیپ کەناڤڕاڵ کە دەکەوێتە کەناری زەریای ئەتڵەسی لە ویلایەتی فلۆریدا دەستپێدەکات.
گەشتەکە لەچوارچێوەی پڕۆگرامی ئارتمیس-2 ئەنجامدەدرێت؛ پرۆگرامەکە پڕۆژەی سەرەکیی ئەمریکایە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی سەر ڕووی مانگ، کە لە ساڵی 2012ەوە بەلایەنی کەمەوە 93 ملیار دۆلاری تێچووە.
شایەنی باسە، لە دوای ئەرکی ئەپۆلۆ 17 لە ساڵی 1972ـەوە هیچ مرۆڤێک نەچووەتە سەر مانگ، ناسا-ش ئامانجیەتی لە ساڵی 2028دا لە ڕێگەی پڕۆگرامەکەیەوە، مرۆڤ جارێکی دیکە پێ بخاتەوە سەر مانگ.